ئەردۆغان روو دەكاتە ماڵی كوردان

ئاكەپە چاوی بڕیووەتە دەنگەكانی باكووری كوردستان
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

بڕیارە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن سەردانی شاری "دیاربەكر" ئامەدی باكووری كوردستان بكات.

ماھیر یوكسەر، پەیامنێری كوردستان24 لە ئامەد رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەردۆغان سەردانی ئامەد دەكات و لە كۆبوونەوەیەكی بانگەشەی حزبەكەیدا داوا لە خەڵكی شارەكە دەكات دەنگ بە ئەكەپە بدەن".

گوتیشی: "ھەرچەندە ئەردۆغان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ سەردانی ئامەد دەكات، بەڵام خەڵك بە گشتی و چاودێرانی سیاسی چاوەڕێن، كە ئەردۆغان لە پەیامەكەیدا باسی كێشەی كورد لە توركیا بكات. بەشێك لە شرۆڤەكارانیش پێیانوایە ئەردۆغان لە وتارەكەیدا لە رووی سیاسییەوە باسی كێشەی كورد ناكات، بەڵكو لە رووی ئاینییەوە و بۆ سەرنجڕاكێشانی خەڵك باسی برایەتی كورد و تورك دەكات".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "دوای كۆبوونەوەی بانگەشەی ئەكەپە، ھەر لە ئامەد ئەردۆغان بەشداری لە خوانێكی بەربانگ دەكات و لەوێ رۆژوو دەشكێنێ، بڕیارە لەوێ لەگەڵ ھەندێك چاودێر و شرۆڤەكارانی ئامەد گفتوگۆ بكات".

رۆژی 24/6/2018 ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەڕێوەدەچێت و ئەردۆغاب بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) زۆربەی شارەكانی توركیا دەگەڕێت و لەو سەردانەشی بۆ باكووری كوردستان دەیەوێت دەنگی بەشێك لە كوردان مسۆگەر بكات.

ھ.م