هه‌ڕه‌شه‌ی سعوودییه‌ له‌ قه‌ته‌ر رووسیا سارد ناكاته‌وه‌

رووسیا: ئیمه‌ به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆمانه‌وه‌ین

K24 - هه‌ولێر

رووسیا گوێ بە هەڕەشەکانی سعودیە نادات لەبارەی هێرشکردنە سەر قەتەر و دوای ئەوەی سعوودییە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کرد دژی قەتەر لە ئەگەری نەوەستاندنی هەوڵەکانی بۆ کڕینی سیستمی دژە مووشەکی ئێس- 400 ی رووسی، بەرپرسێکی باڵای رووسیا وەڵامی سعوودییە دەداتەوە.

ئەلێکسی کۆندراتیڤ، یاسادانەر و بەرپرسی باڵای رووسیا، لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگای میدیایی سپوتنیکی رووسی لەو بارەیەوە گووتی: " رووسیا بە دوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت و دەیەوێت پارە بۆ دەوڵەت پەیدا بکات. دژایەتی سعوودییە هیچ لە پلانەکانی رووسیا ناگۆرێت".

ئەو بەرپرسەی رووسیا، ئەمریکای بە هاندانی سعوودییە تۆمەتبار کرد و ئاشکرای کرد: "ئەمریکا نایەوێت ئەو بازاڕە گەرمەی چەک لەو ناوچەیە لەدەستبدات بۆیە بەردەوام دەبن تا فشار بخەنە سەر سعوودییە دژی ئەوە بێت".

پێشتر رۆژنامەی ( لۆ مۆند)ی فەرەنسی نامەیەکی سعودیەی بۆ ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئاشکرای کردبوو کە سعوودییە داوا لە فەرەنسا دەکات رێگری بکات لە جێگیرکردنی ئەو سیستەمە رووسیە لە قەتەر دەنا هێرش دەکاتە سەر ئەو دراوسێیەی.