ئێران هەڕەشەی نوێ لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات

ئیسرائیل: خه‌ونی له‌ناو بردنی شه‌ش ملیۆن جووله‌كه‌یان هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات ئەگەر بێت و رێکكەوتننامە ئەتۆمییەکە شکست بهێنێت، ئیسرائیلیش دەڵێت ئەو هەواڵە "ئێمە دووچاری سەرسوڕمان ناکات".

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی دۆیچە ڤێله‌ی ئەڵمانی، عەلی ئەکبەر ساڵحی، جێگری سەرۆک و بەڕێوبەری پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن وڵاتەکەیەوە بە میدیا حکوومییەکانی ئێرانی گوتووە: "ئەگەر باردۆخەکە بگونجێت، رەنگە سبەی شەو لە شاری ناتانز، سەنتەرێکی پەرەپێدانی یۆرانیۆم بکەینەوە".

پێشتریش ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی کردبووەوە وڵاتەکەی لە پرۆگرامی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە لێدوانە نوێکانی ئێران لەبارەی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بێنیامین نەته‌نیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هاتە دەنگ و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "ئەو هەواڵە دووچاری سەرسوڕمانمان ناکات، ئێمە ناهێڵین ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت".

لە تویتەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هاتووە: "سەرۆکی ئێران دەڵێت، ئیسرائیل شێرپەنجەیەکە و دەبێت لەناو ببرێت، ئەوە سەرسوڕهێنەرە لە سەدەی 21، کەسێک باس لە کۆتاییهێنان بە ئیسرائیل بکات، ئەوە واتای لەناوبردنی شەش ملیۆن جوولەکە".

ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەوروپاش وەک ئەمریکا بەکشانەوە لە رێكکەوتننامەی ئەتۆمی قایل بکات، ئێرانیش هەڕەشەی دەستپێکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

هـ. ج