كۆمسیۆن دەرگا بەڕووی قەوارەكان دادەخات

ھیچ وادەیەك بۆ درێژكردنەوە دیار نەكراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە دەرگای خۆ تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کۆتایی دێت، هیچ وادەیەکیش بۆ درێژکردنەوە دانانرێت و تا ئێستاش 23  لیست و قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان تۆمارکردووە. هاوكات لە ماوەی نێوان یه‌كی تەممووز تا 3تەممووز بە چاودێری لایەنە سیاسییەکان دەست بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکرێت.

کەمتر لە چەند كاتژمێرێك ماوە بۆ تۆمارکردنی ناوی  قەوارە سیاسیەکان بۆ هە ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی ئەو وادەی دیاركراوە كاتژمێر12 نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەرگای كۆمسیۆن بۆ تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان دادەخرێت. کۆمسیۆن بڕی سپاردەی دارایشی بۆ لایەنەکان کەمکردوەتەوە و هیچ وادەیەکیش بۆ درێژکردنەوەی تۆمارکردن دیارنەكراوە.

سەبارەت بە كەمكردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی كۆمسیۆن لە قەوارەكان وەریدەگرێت، ژیار دزەیی، بەرپرسی تۆماری قەوارە سیاسیەکان لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای ئەوەی قەوارەكان گلەییان لەو بڕە ھەبوو، كۆمسیۆن بڕیاریدا ئەگەر كورسیشیان بە دەست نەھێنا بەشێك لە پارەكەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەپێی رێژەیی ئەو دەنگانەی كە ھێناویانە، لە ھەمانكاتدا بڕی پارەكە كە سەرەتا لە قەواەكان وەردەگیرێت لە 50 ملیۆن دینارەوە كرا بە 30 ملیۆن دینار بۆ پێكھاتەكانیش 15 ملیۆن دینار، ئەو قەوارانەی ھیچ كورسیەكیش بە دەست نەھێنن 25% پارەكەیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە".

سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ تا کۆتایی ئەو مانگە دەست بە  نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکرێت ئەم جارە لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانیش لە بنکەی نوێکردنەوە دەتوانن چاودێری پرۆسەکە بکەن.

کاروان جەلال، بەرپرسی داتاو و زانیاری لە كۆمسیۆن دەڵێت: "لەكاتی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لایەنەكان و نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەتوانن ئامادەبن و سەرنج و تێبینیەكانیان بخەنەروو".

ھ.م