یەكێتی لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنە

لایەنەكان لەگەڵی نین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان جارێکی دیکە داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکات و لێپرسراوی مەکتەبی رێکخسستنی یەکێتش ھۆکاری داواکاری حزبەکەی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.

رەفعەت عبدوڵڵا، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "كۆمەڵێك ھۆكار ھەن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، یەكێك لەوانە گۆڕانكارییە لە یاسای ھەڵبژاردن، ھۆكارێكی دیكە ئەوەیە ناكرێ سێ ھەڵبژاردن بەدوای یەكدا بكرێت، بۆ خەڵك ئەستەمە ھەموو رۆژ بانگەشەی ھەڵبژاردن بێت و بچێتە سەر سندووق، مانگی ئەیلوول ماوەی یاسایی خولی پەرلەمان كۆتایی دێت ھەروەھا لە كانوونی یەكەمی ئەمساڵ واتە لە مانگی كۆتایی ساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێت، بۆیە دەكرێ مانگێك ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت و ھەموو ھەڵبژاردنەكان پێكەوە بكرێت".

لایانە سیاسییەکانی ھەرێمی  کوردستان جگە لە یەکێتی نیشتمانی، پێیان وایە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەو وادەیە ئەنجامبدرێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە.

بژار بۆسكانی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ھەرچەندە بەشداریكردنمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەیوەستە بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی 12 ئایاری پەرلەمانی عێراق، بەڵام وەك ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەوەداین كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجامبدرێت".

ھەر پەیوەست بەو پرسە مستەفا  ئیبراھیم، ئەندامی دەزگای ھەڵبژادنی  یەکگرتووی  ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە ئامادەییمان ھەیە و پێمان باشە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەكاتی خۆی بەڕێوەبچێت، ناكرێ دەستی دەستی پێبكرێ و دوابخرێت، چونكە كێ دەڵێ لە مانگی 12 شتێكی دیكە روونادات".

ھ.م