ئێران سێ كۆڵبەری كوردی كوشت

سێی دیكەش برینداربوون

K24 - ھەولێر

تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر سنووری باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان تەقە لە كۆڵبەرانی كورد دەكەن و بەو ھۆیەوە سێ كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و سێی دیكەش برینداربوو".

بەرپرسێكی سەربازی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو ژمارەیەك کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان لەسنووری پیرانشار لەکاتی هاتنیان بۆ دیوی باشووری کوردستان لە دەڤەری باڵەکاتی، لە کوێستانی بارزین و بەردەسۆران کەوتنە کەمینی سوپای پاسداران و سێ لە کۆڵبەرەکان شەهید بوون و یەکێکی دیكەش برینداربوو".

 بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو بەرپرسەی حدكا: "یەکێك لەو کۆڵبەرانەی شەهید بووە ناوی ئەسعەدە سورە و خەڵکی کۆنەخانێیە و برایەکەشی برینداربووە، هاوکات دوو كۆڵبەری دیكە كە گیانیان لەدەستداوە خەڵکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەڵام تائێستا ناەوکانیان نەزانراوە".

لەلایەكی دیكە ھەر شەوی رابردوو، ژمارەیەك كۆڵبەر لەسەر سنووری رۆژھەڵات و باشووری كوردستان كەوتوونەتە بەر تۆپبارانی پاسداران.

ھاوار ئەرگۆشی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، بە كوردستان24 گوت: "شەوی رابردوو زیاتر لە 15 كۆڵبەری رۆژھەڵاتی كوردستان، لە كوێستانی كێلەشین لەسەرسنووری نێوان رۆژھەڵات و باشووری كوردستان، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران تۆپباران كراون و لە ھەمانكاتدا بە دۆشكە تەقەیان لێكراوە، لە ئەنجامدا دوو كۆڵبەر بەناوەكانی (ش.ج) تەمەن 32 ساڵ و ( د. ئ) تەمەن 28 ساڵ، كە ھەردووكیان خەڵكی شاری ئورمییەی رۆژھەڵاتی كوردستانن برینداربوون".

گوتیشی: "كاتژمێر 12 شەوی رابردوو ھەر بریندارەكە بۆ چارەسەری پزیشك گەیەندراونەتە بنكەی تەندروستی سیدەكان، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران كران، بەھۆی سەختی برینەكەی یەكێك لە بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمرجنسی ھەولێر كرا".

ھ.م