کەشتییەکی پەنابەران لە نێوان دوو وڵاتدا شەڕی مانەوە دەکات

"لە دەریای ناوەڕاستن، ئیتاڵیا و ماڵتا رەتیان دەکەنەوە"

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی کەشتییەکی رێکخراوی سەربەخۆی پزیشکانی بێسنوور توانی لە دەریای ناوەڕاست 629 پەنابەری نایاسایی لە مردن رزگار بکات، ئێستا ئەو کەشتیە لەنێوان دوو وڵاتدایە و هیچیان وەری ناگرن.

کەشتیەکە 56 کیلۆمەتر لە ئیتاڵیا و 43 کیلۆمەتر لە وڵاتی ماڵتا دوورە، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵاتیش خۆیان ناکەن بەخاوەنی.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، ماتیۆ سالڤینی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا، لەبارەی چارەنووسی ئەو کەشتییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیەتی:" ئەوروپا ئیتر بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە".

حکوومەت ماڵتاش لەبارەی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە لای خۆیەوە رایگەیاند:" ئەوان بەرپرسن نین لە هیچ کەشتیەک کە سەر بەڕێکخراوەکان بێت".

ماوەی دوو شەوە ئەو پەنابەرانە لەژێر رەحمی شەپۆلەکانی دەریای ناوەڕاستن لەکاتێکدا 123 لەو کۆچبەرانە منداڵن و حەوتیشیان ژنی دوو گیانن.

بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی پەنابەرانی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2017 وه‌ 3 هەزار و 166 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست خنکاون و لە 70%ی پەنابەرانیش لە رێگای کەناراوه‌کانی ئیتاڵیاوە خۆیان دەگەیەنە ئەوروپا.