پەرلەمان كاتی نەمانی پاشەكەوت دیار دەكات

جارێكی دیكە پڕۆژەی چاكسازی تاوتوێ دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سبەی پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازیی كۆدەبێتەوە و دواتریش كاتێك بۆ نەمانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دیار دەكەن.

جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سبەی پەرلەمان تایبەت به‌ تاوتوێكردنی پڕۆژەی چاكسازی كۆدەبێتەوە، بەو ئومێدەی بتوانین پڕۆژەكە پەسند بكەین".

گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆچوونی خۆی لەسەر پڕۆژەكە دیاركردووە، ئێمەش وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ماددەكانمان دیاركردووە، بۆیە دڵنیام كۆبوونەوەی سبەی بە سەركەوتوو ئەنجامدەدرێت".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو بابەتە پێشتر كێشەی لەسەر بوو، كاتێك كەوتە بەر ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و موزایەدە خراپتریش بوو، رەنگە بەشێك لە ھەڵەكانیش ھی خۆمان بێت وەك ئەندامانی پەرلەمان، ھەستیاریی دۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو نەگیراوە، تا وای لێھات پڕۆژەكە دواكەوت".

راشیگەیاند: "لە دوای پەسندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازیی، رەنگە كاتێك بۆ قسەكردن لەسەر نەمانی پاشەكەوت دیار بكەین و پاشەكەوت لە مووچەی فەرمانبەران نەمێنێ".

ھ.م