سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ستپێده‌كات

ترەمپ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كیم ئاشكرا كرد

K24 - هه‌ولێر:

دوای کۆبوونەوە مێژوویەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، دەربارەی بەرقەرارکردنی ئاشتی لەنێوان هەردوولا، دۆناڵد ترەمپ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییه‌كه‌دا گووتی: " کۆریای باکوور چەکە ئەتۆمییەکانی دادەماڵێت و ئامادەین سەرەتایەکی نوێ ده‌ستپێبكه‌ین".

ترەمپ گووتیشی: "ئەوان باسیان لە رەوشی مافی مرۆڤ لە کۆریای باکوور کردووە و خەڵکی کۆریاش" هەرگیز ئەوەندە متمانەیان بە سەرۆکێک نەبووە".

سەبارەت بە سزاکانی سەر پیۆنگ یانگ، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: " لە دوای داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە لایەن کۆریای باکوورەوە، سزاکانی سەر کۆریای باكوور هەڵدەگرین".

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکرد :" کۆریای باکوور دەستی کردوە بە داماڵینی مووشەکەکانی و پرۆسەکە دەستیپێکردوە".

لە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ترەمپ چەند متمانەی بە سەرۆکی کۆریای باکوورە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، سەرۆکی ئەمریکا گووتی"من متمانەم هەیە و بڕوام وایە کە کارەکان جێبەجێ دەکات".

ترەمپ و کیم بەرەبەیانی ئەمڕۆ (12/06/2018) لە دوای کۆبوونەوەیان، یاداشتێکی چوارخاڵیان واژۆکرد و هەردولاش یەکدییان داوەتکرد بۆ پایتەختەکانیان.