كچێك كەوتە ناو رووباری شانەدەر

K24 - سۆران
تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "كچێكی تەمەن 11 ساڵە لە دەڤەری مێرگەسۆر كەوتووەتە ناو رووباری شانەدەر و تائێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە".
عەمید عیماد رێکانی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "رۆژی 12/6/2018، لە بوونی رووداوێكی خنكان لە رووباری شاندەری سەر بە قەزای مێرگەسۆر ئاگادار كراینەوە، ھەر ئەوكات تیمی مەلەوانی مێرگەسۆر گەیشتنە شوێنی رووداوەكە".
گوتیشی: "ئەو كچە بەناوی ئاسیە عەزیز سەلیم، تەمەنی 11 ساڵە، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان وەدەست ھاتوون، ئەو كچە كاتژمێر 5 ئێوارە لەگەڵ براكەی لە لێواری رووبار بوونە و یاریان كردووە، لەناكاو كچەكە كەوتووەتە ناو رووبار".
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: "لە كاتی گەیشتنی تیمەكانی مەلەوانی تا كاتژمێر 8ی شەوی رابردوو بە دوای دۆزینەوەی تەرمی كچەكەوە بوون، بەھۆی لێڵی ئاوەكە نەتوانرا تەرمەكەی بدۆزنەوە، لەمڕۆوە ھەردوو تیمی مەلەوانی مێرگەسۆر و سۆران، بەردەوام دەبن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكەی".
ھ.م







