له‌ ئەمریکا پرۆژە یاسا دژی توركیا ئامادە ده‌كرێت

په‌یوه‌سته‌ به‌ ئازادی ئایینییه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

رۆجێر ویکەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایش و هه‌ماهه‌نگی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وروپا (هێلسینکی) و سیناتۆری ئەمریکا، پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە و تیایدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەکات دژی نەبوونی ئازادی ئایینیی لە حەوت وڵات کاردانەوەی هەبێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی حوریەت، ویکەر دەربارەی پڕۆژە یاساکە گووتی: "بابوو باپیرانی ئێمە ئازادی ئاینییان کردۆتە پایەیەکی گرنگی ئەمریکا. سەرۆک ترەمپ ئەو رۆحیەتە دەکاتە پایەیەکی گرنگی سەرۆکایەتیەکەی".

ویکەر دەشڵێت: "ئەم پڕۆژە یاسایە بۆ دروستکردنی کاردانەوەیە دژی ئەو حکوومەتانەی هێرشیان کردۆتە سەر ئازادی ئایینی".

هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، رووسیا، ئازەربایجان، کازاخستان، تاجاکستان، تورکمانستان و ئۆزباکستان ناویان لەو پرۆژە یاسایەی سیناتۆرەکە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا هاتووە.

بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەردانیکردنی ئەمەریکایان لێ قەدەغە دەکرێت و سزای ئابووریشیان بە سەردا دەسەپێت.

پێشتر وڵاتانی ئەوروپاش نیگەرانی خۆیان بۆ کەمی ئازادی لە تورکیا دەربڕیبوو، ئەمەریکاش هێشتا یەکێک لە قەشەکانی، ئەندریو برونسەن، بەتۆمەتی تیرۆر لە زیندانەکانی تورکیایە و واشنتنیش داوای ئازادکردنی دەکات، بەڵام ئەنقەرە رەتیدەکاتەوە.