قوتابییه‌كی كورد له مالیزیا ئاڵای كوردستان پێشكه‌ش به مه‌هاتیر محه‌مه‌د ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
قوتابییه‌كی كورد له مالیزیا به‌ناوی (بژار عوسمان) كه خه‌ڵكی هه‌ولێره و بۆ خوێندنی دكتۆرا له به‌شی مێژوو و شارستانییه‌ت له زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی ئیسلامی مالیزیا له‌و وڵاته‌یه، ئاڵای كوردستان پێشكه‌ش به مه‌هاتیر محه‌مه‌د، سه‌رۆك وه‌زیرانی مالیزیا ده‌كات و ئاڵاكه‌شی ده‌كاته مل.
بژار عوسمان بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، له مزگه‌وتی "پوتراجایا"ی كوالالامپووری پایته‌خت، كه نزیك كۆشكی سه‌رۆك وه‌زیرانی مالیزیایه به‌شدارییان له نوێژی جه‌ژندا كردووه و سه‌رۆك وه‌زیرانی مالیزیاش له شوێنه‌كه بووه.
ئه‌و قوتابییه كورده رایده‌گه‌یه‌نێت، به جلی كوردی به‌شداری له نوێژی جه‌ژندا كردووه و له‌وێ خۆی ئاڵای كوردستانی له ملی مه‌هاتیر محه‌مه‌د كرد، روونیشی ده‌كاته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی شوێنه‌كه‌ی جێھێشت، ئاڵاكه هه‌ر به‌سه‌ر شانییه‌وه مابوو.
بژار عوسمان روونیشی ده‌كاته‌وه، زیاتر له یه‌ك ملیۆن خه‌ڵك ئاماده‌ی شوێنه‌كه بوونه، به‌ڵام ئه‌وان به پۆشینی جلی كوردی له ریزی (ڤی ئای پی) شوێنییان بۆ كراوه‌ته‌وه تا بتوانن بگه‌نه لای مه‌هاتیر محه‌مه‌د.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیسته‌می پارێزگارییه‌كی توند بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دانراوه، نه‌توانرا وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بگرن، ته‌نها هێنده نه‌بێت كه ئاڵاكه‌ی پێشكه‌ش به مه‌هاتیر محه‌مه‌د كردووه.
ئاشكراشی كرد، كاتێك ئاڵاكه‌ی داوه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌هاتیر محه‌مه‌د لێی پرسیوه ئه‌وه ئاڵای كام وڵاته، ئه‌ویش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی: "ئاڵای كوردستانه". له به‌رامبه‌ریشدا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕیوه و سوپاسی قوتابییه كورده‌كه‌ی كردووه.
بژار ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، سیاسه‌تڤانێكی مالیزی، به‌ناوی (ئه‌نوه‌ر ئیبراهیم)، سه‌رۆكی (هاوپه‌یمانی پاكاتان هاراپانی مالیزیایه)، له‌گه‌ڵ مه‌هاتیر محه‌مه‌د بووه و شاره‌زایی له باره‌ی كوردستانه‌وه هه‌بووه و چه‌ند هاوڕێیه‌كی كوردیشی هه‌یه، ئه‌و زانیویه‌تی ئاڵاكه هی كوردستانه و بۆ سه‌رۆك وه‌زیران روونی كردووه‌ته‌وه.
مه‌هاتیر محه‌مه‌د، كه ناوه‌كه‌ی له (محاضر)ی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه، 10ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 1925 له دایكبووه، چواره‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی مالیزیا بووه، له ساڵای 1981 تاكو 2003 سه‌رۆك وه‌زیرانی مالیزیا بووه، ئێستاش جارێكی دیكه له ته‌مه‌نی 92 ساڵیدا، وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته ده‌ستنیشانكراوه‌ته‌وه.
مه‌هاتیر وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له پێشخستنی ئه‌و مالیزیا و وایكرد ئه‌و وڵاته له وڵاتێكی كشتوكاڵی ساده‌وه، بكاته وڵاتێكی پیشه‌سازی به‌هێز له كیشوه‌ری ئاسیا.
ا. م