عه‌بادى: ده‌بێت چه‌ك به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت

هێزه‌ ئه‌منييه‌كان نابێت ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ كاروبارى سياسى وڵاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى، رايگه‌ياند، "پێويسته‌ چه‌ك به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت. هه‌ر چه‌كێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت بێت؛ به‌ چه‌كى گێره‌شێوێنى و ئاژاوه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت".

به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ ئه‌منى و سه‌ربازييه‌كانى عێراق كۆبوويه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا عه‌بادى رايگه‌ياند، "عێراق رووبه‌ڕووى شه‌ڕى بوونى بوويه‌وه‌، به‌ڵام له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ركه‌وت".

گوتيشى: "پێويسته‌ له‌ شه‌ڕى دووه‌ميشدا، كه‌ شه‌ڕى دژ به‌ گه‌نده‌ڵييه‌ سه‌ركه‌وتوو بين".

هه‌روه‌ها گوتى: "ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و سوپا خۆيان له‌ ململانێى سياسى وڵات به‌دوور بگرن، له‌ كێشمه‌كێشى سياسيى تێوه‌نه‌گلێن".

جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، "ده‌بێت دامه‌زراوه‌ى ئه‌منى و سه‌ربازى عێراق لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ بچووكترين گومانى گه‌نده‌ڵى بكات. نابێت له‌و دامه‌زراوانه‌دا، رێگه‌ به‌ بوونى گه‌نده‌ڵى بدرێت".

ئه‌وه‌شى گوت: "پێويسته‌ له‌ عێراقدا ته‌نيا هێزێك چه‌كى هه‌بێت، هێزى ده‌وڵه‌ت بێت. سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌كانه‌ى له‌ ناوخۆى وڵات هه‌ن ده‌بێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت بن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ چه‌كى كێشه‌ و ئاژاوه‌ و پشێوى هه‌ژمار ده‌كرێن".

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ريه‌ نيوز

ئ.ر