پارتی و یەكێتی پڕۆژەیەك ئامادە دەكەن

لە چەند رۆژی داھاتوودا تاوتوێی ئەو پرسانە دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەیەكیان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنە بەغدا و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە گفتوگۆی لەسەر بكەن.

بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق، بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا پارتی و یەكێتی، بە شاندێكی ھاوبەش بچنە بەغدا، بڕیاریشە پێش چوونی شاندەكە ھەردوولا  كۆببنەوە و تاوتوێی ئەو دۆسیە گرنگانە بكەن كە لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "داوامان لە حزبەكانی دیكەی كوردستانیش كردووە، كە پێكەوە بچینە بەغدا، پڕۆژەیەكیشمان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكەین و لەوە تێبگەین لەسەر چ بنەمایەك بچینە ناو حكوومەتی داھاتووی عێراق".

گوتیشی: "بودجەی ھەرێمی كوردستان و بابەتی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچە بۆ ھێزی پێشمەرگە لە ئەولەویەتی ئێمەیە، ئەگەر لەسەر ئەوانە رێككەوتین دواتر باسی پۆستەكان دەكەین".

لەبارەی وادەی چوونی شاندەكە بۆ بەغدا خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ھێشتا كاتی چوونی شاندەكە بۆ بەغدا دیارنەكراوە. پێویستە ھەموو لایەنە كوردییەكان پێكەوە بڕۆنە بەغدا و لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان یەك ھەڵوێست بن. لانیكەم پارتی و یەكێتی ھێزەكانی دیكە دیدێكی ھابەشیان ھەبێت، بۆ داھاتووی عێراق".

ھ.م