لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕێی پەرلەمانن

رەوتی حیكمە پێشنیازێك دەخاتەڕوو
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

سەرۆکی رەوتی حیکمە پێشنیاز دەکات، بەشێك لە ھێزە براوەکانی شیعە و سوننە و کورد بەشداریی حکوومەتی نوێی عێراق بکەن و لایەنە ناڕازیەکانیش لەو سێ پێکھاتەیە ببنە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا، بەڵام لایەنە ناڕازییەكان ئەو پێشنیازە قبووڵ ناكەن و رایدەگەیەنن، ئەوان چاوەڕێی جێبەجێكردنی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانکاریی لە دەنگەکان دەکەن و دواتر قسەیان لەسەر حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن دەبێت.

بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی تانەکان و بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دووبارە بەدەست ژماردنه‌وه‌ی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، عەممار حەکیم، رێبه‌ری ره‌وتی حیكمه‌ ئاشکرای كردووە، نایانەوێت وەك پێشتر ریزبەندییه‌كه‌ لەسەر بنەمای شیعە بوون و سوننەبوون و کوردبوون بێت.

لەبارەی ئەو پێشنیازە دەلیل ھەورامی، له‌ ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەوەری بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك ھاوپەیمانی چاوەڕێی ئەو تانە و بەڵگانە دەكەین كە خراونەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عێراقدا، داوا دەكەین كە كۆی پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەڵبوەشێتەوە. ئەوەی عەممار حەكیم، داوایكردووە داوایەكی ئاساییه‌، دواتر ھێزە سیاسییەكان خۆیان بڕیار دەدەن، دوای ئەو قۆناخە ئۆپۆزسیۆن دەبن یان بەشداری لە حكوومەتی داھاتووی عێراق دەكەن".

ھەر سەبارەت بەو پرسە شێروان شەمێرانی، راوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "تائێستا قسەكردن بریتییە لە چاوەڕێكردنی ئەو تانانەی لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن دراون و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق و ھەمواركردنەوەی یاساكانی ھەڵبژاردن، ئەوكاتە قسە لەسەر بەشداركردنی حكوومەت یان بەشداری نەكردن ده‌كرێت".

گوتیشی: "بە ده‌ستژمێری دەنگەكان، لەو بڕوایەداین لە 50%ی دەنگەكان لە كوردستان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت بە تایبەت دەنگەكانی یەكگرتوو، بەڵام ئەگەر ئەویش وەك ھەڵبژاردن فێڵی لێ بكرێت ئەوا بابەتێكی دیكەیە".

ھ.م