پڕۆژەی چاكسازی ناكۆكی دەخاتە ناو گۆڕان

حكوومەت تۆپەكەی ھاوێشتووەتە یاریگای پەرلەمان
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ھەرچەندە پڕۆژە یاسای چاکسازی سەرجەم دەرماڵە و مووچەی زیادە و خانەنشینی نایاسایی دەگرێتەوە، بەڵام ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێن، ئەوان لەگەڵ بڕینی ھیچ جۆرە دەرماڵەیەك نین و ئەگەر دەرماڵەکان ببڕدرێن، ئەوکات فراکسیۆنی گۆڕان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن. ھاوكات پەرلەمانتارێكی دیكەی ئەو فراكسیۆنە رەخنە لەو پەرلەمانتارانە دەگرێت و پێیوایە لە ژێر کاریگەری حیزبیدان و جورئەتی کارکردنیان نییە.

عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەبەر ئەوەی ھەندێك پەرلەمانتار ئەزموونی كاركردنیان لەناو دەوڵەتدا نییە و نازانن دەرماڵە چییە، ھەندێكیشیان لە ژێر كاریگەری حزبەكانیاندا ناتوانن بڕیار بدەن، لەبەر ئەوە بابەتی پڕۆژەی چاكسازی لە لیژنەی دارایی و یاسایی گیری خوارد، نەیانتوانی بڕیاری لەسەر بدەن".

دەشڵێت: "حكوومەت تۆپەكەی ھاوێشتووەتە یاریگای پەرلەمان، بەڵام زۆر بەداخەوە نەتوانرا ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت".

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ھەڵویستی بە ھەمان شێوەی پێشووەو داوا دەکات بە زووترین کات ئەو پڕۆژە یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو حکوومەت مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بڕین و چارەسەرکردنی دەرماڵکاندا بکات، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ھەر ھەڵویست و بایکۆتکردنێك لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بە موزایەدە دەزانێت بۆ پێش ھەڵبژاردنەکانی كوردستان.

حەیات مەجید، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "چەند جارێك لە وتارەكانیدا سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر ئەو یاساییە وەك خۆی پەسند بكرێت، پاشەكەوتی مووچە لە ھەرێمی كوردستان نامێنێت، بەڵام تائێستا ئەو یاساییە چەندین ماددەی لێ پەسند نەكراوە كە ماددەی گرنگن، دەبێ وەك پەرلەمانتاران بە ھەماھەنگی ئیش لەسەر ئەو ماددانە بكەین، بایكۆتكردن چارەسەر نییە بۆ ئەو یاساییە".

گوتیشی: "بەھۆی موزایەدەی سیاسی تائێستا پەسندكردنی ئەو ماددانە دوا دەخرێت".

ھ.م