ترەمپ گاڵتە بە مێرکڵ دەکات

مێركڵ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەبارەی وەرگرتنی پەنابەران گاڵتە بە ئەوروپا و ئەڵمانیا دەکات. ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، وەڵامی دەداتەوە.

بەهۆی کاراکردنی یاسای نوێی پەنابەران بە ناوی بێ لێبووردەیی (زیرۆ تۆلێرانس)، بەهۆیەوە ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی دەچنە ناو خاکی ئەمەریکاوە، لە کاتی دەستگیرکردنیان، خۆیان دەخرێنە زیندانەوە و منداڵەکانیشیان بۆ سەنتەری چاودێریی تایبەت دەگوازرێنەوە.

بەهۆی ئەم یاسایەش، ترەمپ کەوتۆتە بەر رەخنەی تووند، لە وەڵامیشدا ئەو سەرۆکەی ئەمەریکا بەرزی رێژەی تاوان لە ئەوروپا بە نموونە بۆ سەرکەوتووی بڕیارەکانی دەهێنێتەوە.

ترەمپ لە تویتەر نووسیویەتی: "ئێمە نامانەوێت ئەوەی ئێستا بەهۆی پەنابەرانەوە له‌ ئەوروپا روودەدات، خه‌ریكبوو بەسەر ئێمەشدا بێت".

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "رێژەی تاوان لە ئەڵمانیا لەوەتەی دەستیانکردووە بە وەرگرتنی پەنابەران، 10% زیادی کردووە به‌ڵام (بەرپرسەکان ئەم هەواڵانەتان پێناڵێن)، وڵاتانی دیکە خراپتریشن. ئەمەریکا زیرەکبە!".

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەنگێلا مێرکڵ لە وەڵامی تویتەکەی ترەمپ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دەڵێت: "ئامارەکان پێچەوانەی ئەو قسانە نیشان دەدەن".

مێرکڵ روونیشیکردەوە: "ماوەیەکی کەمە وەزیری ناوخۆ ئاماری تاوانەکانی ئاشکرا کردووە و ئەو ئامارانەش بۆ خۆیان دەدوێن".

ئەڵمانیا یەکەم وڵات بوو لەساڵی 2014  بەشێوەیەکی فەرمی دەرگای بەرووی پەنابەراندا کردەوە و ئاسانکاری بۆکردن تاکو لەو وڵاتە ئەوروپییە بمێننەوە، بەڵام ئەڵمانییەکان چیدی پشتگیری مێرکڵ ناکەن بۆ ئەو مەبەستە.

پارتی یەکێتی سۆشیال کریستیانی ئەڵمانیا، هاوپەیمانی پارتەکەی مێرکڵ لە حکوومەتی ئەڵمانیا، ماوەی دوو هەفتەی داوە بە راوێژکاری ئەڵمانیا تاکو کێشەی پەنابەران لە ئەڵمانیا چارەسەر بکات دەنا رێکاری یاسایی دەگرنە بەر، ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز،" 75% ئەڵمانییەکان متمانەیان بە مێرکڵ نەماوە کێشەی پەنابەران چارەسەر بکات".