لە قەرەتەپە شه‌ڕ‌ له‌ نێوان سوپای عێراق و داعش روویدا

ئۆتۆمبێلێكی داعش سووتاوه‌

K24 - هه‌ولێر:

سوپای عێراق بەهاوکاری پۆلیسی ئیتحادی  وپۆلیسی قەرەتەپە ئۆپراسیۆنێکیان لە سنوری قەرەتەپە ئەنجام ئەدا.

هه‌رێم جاف، پەیامنێری کوردستان 24 لە گەرمیان رایگه‌یاند : "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (25/6/2018)، سوپای عێراق بەهاوکاری به‌شی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی ئیتیحادی، هەواڵگری و پۆلیسی ناحییەی قەرەتەپە لەزنجیرە چیای حەمرین لەسنوری ناحییەی قەرەتەپە، دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن و کێوماڵکردنی ناوچەکە لە سنووری گوندی زەرلوک.

 لەم بارەیەوە، محمەد عومەر، بەرپرسی کۆمیتەی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لەقەرەتەپە بەکوردستان 24 رایگەیاند: "ھێزەعێراقییەکان لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە تووشی تیرۆریستانی داعش دەبن، لەئەنجامی ڕووبەڕوبوونەوەی نێوانیان، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای عێراق ئۆتومبێلێکی جۆری تۆیۆتای تیرۆریستان دەسوتێنن".

هەر بە گوێرەی قسەکانی محەمەد عومەر: " جیا لە سووتاندنی ئۆتۆمبێلێک، سوپا دەستی بەسەر تۆتۆمبێلێکی تردا گرتووە، بەڵام تا ئێستا زییانە گیانییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە نەزانراوە".

ماوەیەکە جمووجۆڵی داعش و گروپە چەکدارەکان لە پارێزگای دیالە زیادی کردووە و تاکو ئێستاش چەندین كه‌سییان له‌ دانیشتووانی ناوچەکە کردۆتە قوربانی، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لە نێو دانیشتوانی ئەو ناوچانە پەیداکردووە.