په‌رله‌مان تۆپی چاكسازیی ده‌خاته‌وه‌ گۆڕه‌پانی حكوومه‌ت

یه‌كگرتوو بایكۆتی دانیشتنی په‌رله‌مانی كرد

K24 - هه‌ولێر:

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنی لەبارەی چەند پرۆژەیاسایەک بەردەوامە و پرۆژەیاسای چاکسازیش لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییە.

پێش کۆبوونەوەکەش فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان به‌ كوردستان 24 رایگەیاند: "پەرلەمان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی، نامەیەکی ئاراستەی حکومەت کردووە و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتین". گوتیشی، دوای ئەوەی حکومەت وەڵامیداینەوە، راستەوخۆ ئەو پرسە دەخرێتە خشتەی کاری پەرلەمان. ئاماژەی بەوەشدا، فراکسیۆنی پارتی سوورە لەسەر تێپەراندنی ئەو یاسایە و پەسندکردنی لە پەرلەمان".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حاجی کاروان، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان به‌ كوردستان 24 گووت: "دانیشتنی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی پەیوەندی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەیە، نەوەک حکومەتی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی، 80%ی پڕۆژەیاساکە تەواو بووە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەکو یەکگرتووی ئیسلامی، بەهۆی گفتوگۆنەکردن لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە.

پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ 24 مادده‌ پێكهاتووه‌، بە گوتەی ژمارەیەك پەرلەمانتار به ‌په‌سندكردنی مانگانه‌ی نزیكه‌ی 100 ملیار دینار بۆ گەنجینەی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ و ده‌تواندرێت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم كۆتایی به‌ سیستمی پاشەكه‌وتی مووچه‌ بهێنێت. به‌ڵام وه‌ك ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خۆیان ده‌ڵێن، تائێستا ناكۆكی نێوان فراكسیۆنه‌كان و موزایه‌ده‌ی سیاسی رێگره‌ له‌به‌رده‌م په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌.