لە بەغدا تاوتوێی عێراقی دوای داعش دەكرێت

زانایانی ھەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

بۆ تاوتوێكردنی عێراقی دوای داعش، بە ئامادەبوونی زانایانی ھەرێمی كوردستان و عێراق و جیھان، كۆنفرانسێك لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت. تێیدا گفتوگۆ لەبارەی توندوتیژی لە ناو كۆمەڵگە دەكرێت.

لەو كۆنفرانسەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: "چەكدارانی داعش وایاندەزانی خەڵكی عێراق خەڵكی خۆیانە، بەڵام خەڵكی عێراق دژی ئەوان جەنگین و ئەو بیرەیان رەتكردەوە، كەس ناتوانێت بیری خۆی بەسەر خەڵكدا بسەپێنێ".

دكتۆر عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی لە كوردستان، یەكێكە لە بەشداربوانی كۆنفرانسەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "لە كۆنفرانسەكەدا ژمارەیەك لە زانایانی ئیسلامی لەسەر ئاستی جیھان بەشدارییان كردووە، گفتوگۆ لەبارەی ھاوكاریكردنی گەلانی عێراق بۆ قۆناخی دوای داعش، ھەروەھا تاوتوێی رووبەڕوو بوونەوەی بیری توندڕەوی دەكرێت، ئێمەش لە ھەرێمی كوردستان بە شاندێكی ھاوبەشی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی و یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی، بەشدارییمان لەو كۆنفرانسەدا كردووە".

گوتیشی: "وەك شاندی كوردستان دەمانەوێت بۆ ئامادەبووان روونبكەینەوە كە گەلی كورد چۆن بووەتە قوربانی بیری توندڕەوی، بەڵام بە لێكنزیكی دەزگا ئاینیی و كەسایەتییە ئاینییەكان و پشتیوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، توانراوە كەمترین كاریگەری داعش و بیری توندڕەوی لەسەر گەنج و لاوی ھەرێمی كوردستان ھەبێت".

دكتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، ئاماژەی بەوەشدا: "بەشداری شاندی كوردستان لەو كۆنفرانسە گرنگە، بۆ ئەوەی گەلانی دیكە ئاشنابن بە میانڕەوی گەلی كورد، كە بە درێژایی مێژوو دژایەتی بیری توندڕەوی كردووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "وەقفی سونی عێراق دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان بكات، لە رووبەڕوو بوونەوەی بیری توندڕەوی، ئیمەش ئامادەین ھاوكاری ھەر لایەنێك بكەین كە دەیەوێت بە كردەیی رووبەڕووی توندڕەوی ببێتەوە".

ھ.م