وڵاتێکی دیکە دەرگای بەڕووی ئاواره‌ و پەنابەراندا داخست

"ده‌بێت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بیانپاریزێ"

K24 - هه‌ولێر:

عومەر رەزاز، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، رایگەیاند وڵاتەکەی لەژێر هیچ ناو و باردۆخێکدا، ئاواره‌ و پەنابەری نوێ وەرناگرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ، رەزاز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی گوتوویەتی: "ئوردن ناتوانێت پەنابەری نوێ وەربگرێت و دەبێت چارەسەری سیاسی بۆ سووریا بدۆزرێتەوە".

لە لایەکی دیکەوە، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "سنوورەکانمان بە داخراوی دەمێننەوە و دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ئاواره‌ و پەنابەرانە لەناو وڵاتەکانی خۆیان بپارێزێت".

یەک ملیۆن و 300 هەزار پەنابەر لە وڵاتی ئوردن دەژین و بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی حکوومەتی سووریا بۆ چەند ناوچەیەکی دیکە، چاوەڕوان دەکرێت، 45 هەزار کەسی دیکە لە سووریا ئاوارەبن.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئوردن هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی ئەوروپییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان.