تاران 5 گرنگترین ئه‌فسه‌ری هه‌واڵگری ده‌نێرێته رووسیا
K24 - هه‌ولێر:
به‌ر له ده‌ستپێكردنی یاری نێوان هه‌ڵبژارده‌ی ئێران و پۆرتوگال، له 25ی حوزه‌یران، له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی مۆندیالی 2018 له رووسیا، عه‌قید هادی شێرزاد، سه‌رۆكی به‌شی پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی 5 ئه‌فسه‌ری گرنگی پۆلیسی ناردووه‌ته رووسیا، بۆ هاوكاریكردنی پۆلیسی ئه‌و وڵاته له رێكخستنی هانده‌ره ئێرانییه‌كان.
عه‌قید شێرزاد، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم ده‌ڵێت: "ژماره‌یه‌كی زۆر هانده‌ری ئێرانی، بۆ هاندانی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتمانی خۆیان چوونه‌ته رووسیا، لێره‌وه بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌مان بۆ هات، ئه‌فسه‌ره ئێرانییه‌كان بۆ پاراستن و هاوكارییه‌كان له‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه به‌رده‌میان ره‌وانه بكه‌ین".
گاردی كۆماریین نه‌ك هه‌واڵگری
هه‌ندێك هانده‌ری ئێرانی ترسی ئه‌وه‌یان لێنیشتووه، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌وانه سه‌ر به ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان بن، پارێزه‌ر و چالاكوانی مافی مرۆڤ، نیما حه‌میدی بۆ عه‌ره‌بی پۆست ده‌ڵێت: "بیستوومانه ئه‌و ئه‌فسه‌رانه له گاردی كۆماریی و هه‌واڵگرین، ترسمان له‌وه‌یه بوونیان له رووسیا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری بێت له‌سه‌ر هانده‌ره ئێرانییه‌كان، به‌تایبه‌تیش هانده‌ره ژنه‌كان، مه‌ترسییه‌كه ئه‌وه‌یه راپۆرتی تایبه‌ت پێشكه‌ش به لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن".
دوای لێدوانه‌كه‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێرانیش، چالاكوانان زیاتر مه‌ترسی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، چالاكوانێكی دیكه به‌ناوی "نازه‌نین" بۆ ئه‌و وێبسایته عه‌ره‌بییه ده‌ڵێت: "پێشبینی ده‌كه‌م حاڵه‌تی ده‌ستگیركردنی ژنه هانده‌ره‌كان تۆمار بكرێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له رووسیا به بێ باڵاپۆش ده‌ركه‌وتوون، بوونی ئه‌و پێنج ئه‌فسه‌ره ئێرانییه‌ش له رووسیا، جێگه‌ی نیگه‌رانییه".
به گوێره‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران، بوونی ئه‌فسه‌ره‌كان ئامانجێكی دیكه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و شاره‌زاییه له‌گه‌ڵ پۆلیسی رووسیا، پرسی ناردنیشیان به‌ر له ده‌ستپێكردنی جامی جیهانی تاووتوێكراوه، تا كۆتاییهاتنی مۆندیالیش له‌وێ ده‌مێننه‌وه.
ئێران تاكه وڵاته رێگه به چوونی ژنان نادات بۆ ناو یاریگاكان بۆ هاندانی تیپه‌كانییان، زۆرجاریش وا رووده‌دات، كچان شێوازی خۆیان ده‌گۆڕن و خۆیان ده‌كه‌نه كوڕ، ئینجا ده‌چنه ناو یاریگاكان، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی دانانی ریش و سمێڵی ده‌ستكرد بۆخۆیان.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "Spiegel"ی ئه‌ڵمانیش، شوهره موسه‌وی، یه‌كێكه له ژنه سه‌رمایه‌داره‌كانی ئێران و یه‌كه‌م ژنه له‌و وڵاته، سه‌رۆكایه‌تی یانه‌یه‌كی وه‌رزشی بكات به‌ناوی (بادران تاران)، كه‌چی قه‌ده‌خه‌كراوه بچێته دیار یاری یانه‌كه‌ی.
هه‌رچه‌نده له‌ناو یاریگای ئازادی تارانی پایته‌خت، شوێنی ئه‌و خانمه جیاكراوه‌ته‌وه له كورسییه‌كانی دیكه‌ی هانده‌ران، به‌ڵام هه‌ر ناتوانێت بچێته یاریگا، چونكه ژنه و له‌و وڵاته قه‌ده‌خه‌یه.
به گوێره‌ی میدیاكانیش، چه‌ند جارێك مووسه‌وی، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی یاریگاكانه‌وه، له بۆنه گرنگه‌كاندا ده‌ركراوه، له یاری نێوان یانه‌كه‌ی و یانه‌ی (پرس پۆلیس) بوو له خوولی ناوخۆی ئێران، رێگه‌ی پێنه‌درا بچێته دیار یارییه‌كه.
خۆكردنه كوڕ بۆ چوونه ناو یاریگا
زه‌هرا كوشناڤاز، یه‌كێكه له‌و سه‌دان كچه ئێرانییه‌ی عاشقی تۆپی پێیه و ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بچێته یاریگا و هانی یانه‌كه‌ی بدات، به‌ڵام بۆ ئه‌و كاره پێویسته خۆی بخاته سه‌ر شێوه‌ی كوڕان، ریش و سمێڵ بۆ خۆی درووست بكات و جلی كوڕان بكاته به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له هێزه ئه‌منییه‌كان و پاسه‌وانانی یاریگا بشێوێنێت، تا بتوانێت هانی یانه‌كه‌ی بدات.
ا. م