به‌ ڤیدیۆ.. سامپاولی بۆ هێنانه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌گوێرۆ رووخسه‌ت له‌ مێسی وه‌رده‌گرێت

"ئه‌وه‌ی ئارجێنتین له‌ ڕووی پلان و ته‌كتیكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، سامپاولی نییه‌، مێسی ـه‌

ڤیدیۆیه‌كی خۆرخی سامپاولی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا له‌ یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر نێجیریا بڵاو بۆته‌وه‌ كه‌ تێیدا بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی سێرخیۆ ئه‌گوێرۆ داوای رووخسه‌ت له‌ لیۆنێل مێسی ده‌كات.

پێگه‌ی ئۆڵێی ئارجێنتینا ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشت راستكردۆته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: له‌ كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌، پێش ئه‌وه‌ی رۆخۆ گۆڵی سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات، سامپاولی هه‌ر خۆی له‌ مێسی نزیك ده‌كرده‌وه‌ و بانگی ده‌كرد و بۆ هێنانه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌گوێرۆ ڕای مێسی وه‌رده‌گرت.

دواتر مێسی له‌ سامپاولی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت پێویسته‌ هێرشبه‌ر زیاد بكه‌یت و ئاساییه‌ ئه‌گوێرۆ بنێره‌ ژووره‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، جۆردی كۆستا، رۆژنامه‌نووسی ئارجێنتینا، له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی: ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ مۆندیال له‌ ڕووی تاكتیك و پلانه‌وه‌ ئارجێنتین به‌ڕێوه‌ ده‌بات، سامپاولی نییه‌، به‌ڵكوو مێسیه‌.

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ له‌ دوایین یاری خۆی له‌ مۆندیالی 2018 به‌رامبه‌ر نێیجیریا سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كرد و به‌ ئه‌نجامی 2 ـ 1 سه‌ركه‌وتنیان تۆمار كرد و بۆ قۆناخی 16ـی مۆندیال په‌ڕینه‌وه‌، له‌و یارییه‌ لیۆنێل مێسی گۆڵی یه‌كه‌می تانگۆی تۆمار كرد.