پێشنیازێكی نوێ له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ تایبه‌ت به‌ پرسی په‌نابه‌ران

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کوردستان 24 باس له‌ پێشنیازه‌كه‌ ده‌كات

K24 - برۆكسل:

رۆژی دووەمی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەوروپا بە بەشداری 28 سەرکردەی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەردەوامی ھەیەو  پرسی کۆچبەران بابەتی گەرمی کۆبوونەوەکەیە.

ئەنتۆنیۆ تایانی, سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وه‌ڵامی پرسیاری کوردستان 24 دایەوەکە ئاخوا پەرلەمانی ئەوروپا ھیچ پێشنیارێکی ئامادەکردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران .

له‌ وه‌ڵامدا تایانی گوتی: "پێویستە ئەوروپا رێکكەوتن لەگەڵ لیبیا ئەنجام بدات و ھاوشێوەی تورکیا بڕی 3 ملیار یۆرۆش پێشکەش بە لیبیا بکات بۆ ئەوەی بەتەواوی قەیرانی کۆچبەران چارەسەر بکرێت".

لەلایەکی دیكه‌وه‌, سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بەروونى گوتی: "پێوستە سنوورەکانمان بەھێز بکرێن و کۆنترۆڵی تەواو بکرێن، پاشان پێويستمان بە ریفۆرم ھەیە لە یاسای پەنابەران و لەکۆتایيدا دەبێت ستراتیجێکی تازە بۆ داھاتوو دابنێین".

رۆژی 28ی حوزه‌یران/ یۆنیی 2018 کۆبوونەوەی لووتکەی ئەوروپا بە بەشداری 28 سەرکردەی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و پرسی کۆچبەرانيش بابەتی گەرمی کۆبوونەوەکەیە.

ا. م