دوای 39 ساڵ بازاڕی گەورەی تاران داخرا و دوو هۆكاریش له‌ پشت خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ن

بازاڕه‌ گه‌وره‌كه‌ رووبەرەکەی 10.6 کیلۆمەترە و لە 40 قەیسەری جیاواز پێکدێت

K24 - هه‌ولێر:

چەند رۆژێکە بازاڕی گەورەی تاران بە رووی هاوڵاتیاندا داخراوە و مەبەستیش لێی فشار خستنەسەر حکوومەتە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام دیوێکی دیکەشی هەیە کە تەنها تایبەتە بە دژایەتیکردنی حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران.

 لە راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتدا هاتووە، یەکەمینجارە لە ساڵی 1979ـەوە (سەردەمی خۆپیشاندانەکانی دژی شای پێشووی ئێران) ئەو بازارە گرنگەی تاران دابخرێت کە رووبەرەکەی 10.6 کیلۆمەترە و لە 40 قەیسەری جیاواز پێکدێت، ئەو 40 قەیسرەیەش بەسەر 20 جۆر بازرگانی جیاواز دابەشبوون، جیا لە دووکانی خواردن و زێڕنگه‌ر بیگرە تا دەگاتە دووکانی کەلوپەلی ناو ماڵ و فەڕەشە ناوازەکانی ئێران. هەروەها جیا لە دووکان و فرۆشگاکان، بازاڕەکە 20 بانک، شەش کتێبخانە، نۆ هۆڵی سیمیناری ئاینی، 13 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی، دوو هۆڵی شانۆ و هۆڵێکی گەورەی زۆرنبازیی لە خۆ دەگرێت.

رۆژنامەکە نووسیویەتی هۆکارگەلێک هەن دەریدەخەن، خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی تاران بۆ دروستبوونی باڵی جیاواز لەناو بزووتنەوەی خومەینی و دواکەوتوانی دەگەڕێتەوە.

چەند ئەندامێکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران وەک ئەحمەد ئەمیر عەبادی، فاتیما زولقادر و ئایەتوڵڵا مەوجتەبا زولنور، بە ئاشکرا داوای لەسەر کارلادانی رۆحانی دەکەن. جیا لەمەش، 71 ئەندامی رادیکاڵی مەجلیسی شوڕا (رۆژی سێشەممەی رابردوو 26/06/2018)، 15 رۆژیان دا بە حەسەن رۆحانی کە چارەسەری کێشەکان بکات یاخود دەست لەکار بکێشێتەوە.

بۆ زۆرێک لەو ئەندامانە ئیدی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران شکستی هێناوە و بۆ ئەمەش ئیدارەی رۆحانی به‌ دروستکردن و شکستی تۆمەتبار دەکەن.

تەنانەت، بە ناڕاستەوخۆیی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس، فەرماندە یەحیا ساڤەفی و فەرماندەی پێشووی هێزەکانی بەسیج، غەیب پەرڤەر، رەخنەیان لە سیاسەتی رۆحانی گرتووە.

هەندێکی دیکە لە شیکەرەوان پێیان وایە، هۆکاری خۆپیشاندانەکانی بازاڕی گەورەی تاران بۆ خراپی گوزەران و سیاسەتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهەرجۆرێک بێت، ئەو بازاڕە هێندە گرنگی هەیە کە ئەگەر بێت و گوێی لێنەگیرێ رەنگە کارەسات بە دوای خۆیدا بهێنێت.

لای خۆشیەوە، رۆحانی بەڵێنی داوە بە خەڵکی ئێران کە سزا ئابوورییە جیهانییەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر ئێران نەبێت، چونکە تاران "شەکر، گەنم و رۆن"ـی زۆری هەیە و ئەوەی کێشەکان گەورە دەکەن "میدیا بیانییەکانن".