"سوڵتانهكهی تورکیا خەون بە پاشایهتی سوننەکانهوه دەبینێ"
K24 - ههولێر:
تادێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەژموونی خۆی لە وڵاتی فەڵەستین زیاتر دەکات ئەمەش نیگەرانی چەند وڵاتێکی لێکەوتۆتەوە، بەڵام ئامانجی ئەم سەرۆکەی تورکیا لەم کارەی چییە؟.
رۆژنامەی هاریتز پێشتر ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە وڵاتانی سعوودییە و ئوردن هۆشداریان بە ئیسرائیل داوە لە سەر زۆربوونی ئەژموونی ئەردۆغان لە رۆژهەڵاتی شاری ئۆرشهلیم ( قودس) بە تایبەت دوای گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئەو شارە کێشە لەسەرەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
بەرپرسانی ئیسرائیل ئەوەیان ئاشکرا کردووە، ئەردۆغان پارەی بۆ چەند رێکخراوێکی ئیسلامی عەرەبی کە لە ئۆرشهلیم ( قودس) کاردەکەن تەرخانکردووە، هەروەها چەند موڵکێکی لە ناو ئەو شارە بۆ رێکخراوەکان کڕیوە کە بوونەتە جێگای ئەو تورکانەی بۆ خۆپیشاندان دژی ئیسرائیل دەچنە فەڵەستین.
لە رابردوودا، سعوودییە وەک وڵاتێکی داکۆکیکار لە فەڵەستینی و سوننەکان تەماشا کراوە و بەهۆیەوە هەژموونی لە گشت وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە زیاتر بووە، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت ئەو جێگایە بە سعوودییە چۆڵ بکات.
کریس مێسێرۆڵ، شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای برۆکینگز، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیای نیوز ویکی ئەمەریکی گووت: "چەند دەیەیەکە، سعودییە جێگای خۆی وەک پاڵەوانی سوننەکان جێگیرکردووە. تەنانەت بڕی 20 ملیۆن دۆلار مانگانە بە بەرپرسانی فەڵەستین دەبەخشێت".
کریس زیاتری ئاشکراکرد و رایگەیاند: "سعوودییە کێشەی بۆ ئەردۆغان دروستکردووە لە ئۆرشهلیم ( قودس). ئەو سەرۆکەی تورکیا خۆشی نەیشاردۆتەوە کە دەیەوێت تورکیا بگەڕێنێتەوە ئەو سەردەمەی بە پاڵەوانی سوننەکان تەماشا دەکرا. بەڵام تاکو سعوودییە لەو پێگەیەی ئێستای بێت لەنێو وڵاتە سوننەکان، ئەوە بۆ تورکیا سەختە. ئەمەش هۆکاری زیادبوونی هەژموونی ئەردۆغانە لە رۆژهەڵاتی ئۆرشهلیم ( قودس) ".
لە لایەکی دیکەوە، ریان جینگێراس، پسپۆر لە سیاسەتی تورکیا لە زانکۆی ناڤال، پێیوایە بیروڕای ئیخوانی تورکیا لە فەڵەستین جێگای نابێتەوە چونکە "فەڵەستین، ئوردن و سعودییەکان دژی ئەو بیروباوەڕەن".
ئەردۆغان جیا لەوەی دەیەوێت ببێتە "سوڵتانی تورکیا"، خەونی بوون بە پاشای سوونەکانیش بەشێکە لە سیاسەتەکانی، بۆ ئەو مەبەستەش فەڵەستینی کردووە بە ئامرازێک بۆ گەشتن بە خەونەکانی.