دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا

یەكێك لە تەقینەوەكان لە نزیك كۆگای سندووقی دەنگدان بووە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ھێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوە لە شاری كەركووك روویاندا، بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 10 كەسی ھێزەكانی عێراق برینداربوونە".

گوتیشی: "تەقینەوەی یەكەم لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بوو، كە خۆكوژێك لێیدەخوڕی، لەسەر رێگەی كەركووك- بەغدا، لەپێش كۆگای سندووقەكانی دەنگدان تەقییەوە".

پەیامنێرمان روونیكردەوە: "ئەو شوێنەی تەقینەوەكەی لێ رووداوە، بازگەیەكی ھاوبەشی دژەتیرۆری عێراقی و ھێزەكانی پۆلیسە، لەناو بریندارەكانیش ھاووڵاتی سڤیل ھەن، چونكە شوێنی تەقینەوەكە رێگایەكی سەرەكییە".

لەبارەی تەقینەوەی دووەم، پەیامنێری كوردستان24 گوتی: "تەقینەوەی دووەمی ئەمڕۆی شاری كەركووك، لە رێگەی بۆمبیكی چێندراو بووە، لە نزیك مزگەوتی حاجی سەدری، كە ئەویش دەكەوێتە سەر رێگەی بەغدا، بە گوێرەی زانیارییەكان ھیچ زیانێكی گیانی نەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھێزە ئەمنییەكانی عێراق رێگە نادەن، میدیاكاران بچنە شوێنی تەقینەوەكان و رووماڵی بكەن، دوای تەقینەوەكانیش ھێزەكانیان لە ناو شاری كەركووك بڵاوە پێكردووە".

بەھۆی بۆشایی ئەمنییەوە، ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك دەستیان بە ھێرش و تەقینەوە كردووەتەوە، ھێزە سیاسییە كوردییەكانیش لە چەند رۆژی رابردوو ھۆشداریان لەبارەی دۆخی ئێستای كەركووك دا و داوا دەكەن بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان پێویستە ھەرچی زووە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە.

لە 16 ئۆكتۆبەری2017، بە بڕیاری حكوومەتی عێراق شاری كەركووك داگیركرا و ھێزی پێشمەرگە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كشایەوە، لەو كاتەوە بۆشایی ئەمنی لە ناوچە دروست بووە، بۆیە ئێستا جگە لە لایەنە سیاسییەكان، خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن.

ھ.م

دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا
دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا
دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا
دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا
دوو تەقینەوە لە كەركووك روویاندا