له چاوهڕوانی پهتی سێدارهدا چیرۆكی داعشبوونیان دهگێڕنهوه
K24 - ههولێر:
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەچێتە ناو ژووری زیندانی ئەو بەندکراوانەی داعش كه سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە لە بەغداد و چیرۆکی هەندێکیان ئاشکرا دەکات.
سەدام سالم، ئەندامێکی داعش، یەکێکە لە دروستکەرەکانی بۆمب و تاکو ئێستا بەهۆی بۆمبەکانی 20 کەسی کووشتوە. قسهی بۆ رۆژنامه بریتانییهكه كردووه.
سەدام دەربارەی دروستکردنی بۆمب و چالاکییەکانی گووتی: "ئامێرێک هەیە لەناو بۆمبەکە پەیوەندیدار دەکرێت لەگەڵ مۆبایلێک. پاشان لە رێگای تەلەفۆنکردن بۆ ئەو ئامێرە، من دەتوانم لە چەند چرکەیەکدا بۆمبەکە بتەقێنمەوە".
سەلیمی 29 ساڵ یەکێکە لەو 250 ئەندامەی داعش کە سزایان بەسەردا سەپاوە و چاوەڕێی پەتی سێدارە دەکەن.
ماوەی چوار ساڵە سەلیمی 29 ساڵ لە زیندانی تاکە کەسییدایە، بەم نزیکانە دەگوازرێتەوە بۆ گرتوخانەی ناوهندیی "ئەلحووت" لە ناسرییە و لەوێ پەتی سێدارەی لە مل دەکرێت.
چەند ژنێکیش بە خۆیان و منداڵەکانیان بە تۆمەتی کاری "جیهادی" و تیرۆر دادگای دەکرێن، هەرکەسێکیان تۆمەتەکەیان بەسەردا بسەپێت، ئەوانیش پەلکێشی پەتی سێدارە دەکرێن.
دوو مانگ لەمەوبەر، 19 ژنی رووسی بەهۆی پەیوەندیکردن بە داعشەوە، سزای زیندانیی هەتا هەتاییان بەسەردا سەپا، بەڵام رێگایان دراوە لەگەڵ خۆیان منداڵەکانیان لە زیندان بهێڵنەوە.
رۆژنامەنووسەکەی دەیلی مەیلی یەکەم میدیاکارە مۆڵەتی دەدرێت بچێتە ناو ئەو گرتووخانەیە، ئەمەش بە گووتەی خۆی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەغداد دەیەوێت نیشانی بدات لەم گرتوخانەیە چەند بە "یەکسانی" مامەڵە لەگەڵ زیندانیان دەکرێت.
زیندانەکە بە دیواری بەرز و خاڵی پشکنین و نیشانشکێن و سوپا و هێزی تایبەت پارێزراوە، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات دەتوانن فرۆکەی جەنگی ئێف-16 بەکاربهێنن.
لەبارەی چۆنیەتی فێربوونی دروستکردنی ئەو جۆرە بۆمبە، سەلیم ئاشکرایکرد: "لە ساڵی 2014، لەلایهن چەکدارێکی پیادەوە، بەرزکرامەوە بۆ بەشی تەکنیکی".
"من شارەزاکرام لە پێکبەستنی ئامێر و تەقەمەنییەکان. کە کارێکی زۆر هەستیار بوو".
سەلیم مانگانەی مووچەکەی نزیکەی 50 دۆلار بووە و جەژنانیش هەندێک پاداشتی زیاتری وەرگرتووە.
زیندانەکان رۆژانە سێ ژەم خواردنیان پێشکەش دەکرێت، هێلکە و پەنیر بۆ بەیانیان، گۆشت و میوە بۆ نیوەڕوان و برنج و سوپ بۆ ئێواران. هەروەها دەشتوانن داوای خواردنەوەی پیپسیش بکەن.
لەبارەی ئەوەی کە ئایا سەلیم پەشیمانە لەوەی کردوویەتی، ئەو جیهادییە دەڵێت: " ئەگەر ئازاد بکرێم هێرشی هاوشێوەی بۆمبەکانی مانچیستەر یان هێرشکردن بە چەقۆ ئەنجام دەدەم".
ئەو زیندانییە لەبارەی سیاسەتی داعش لە ئەوروپا دەڵێت: "ئەگەر هەر وڵاتێک لە سووریا و عێراق هێرشمان بکاتە سەر، ئێمەش لە وڵاتەکانی خۆیان هێرشیان دەکەینە سەر".
یەکێکی دیکە لە زیندانییهكان بە ناوی حەیدەر مەنسوور وەک پلانداڕێژەڕی کردەوە خۆکوژیەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
حەیدەر لە بارەی چیرۆکی خۆی گووتی: " من پێشتر لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدە پەیوەندیم هەبوو، ئەمەش وایلێکردم پەیوەندی بە "دەوڵەتی ئیسلامی" بکەم.
پێچەوانەی سەلیم، حەیدەر پەشیمانی پێوە دیارە و رەنگە کووشتنی سەدان هاووڵاتی بێ تاوان، وایان لێکردبێت جارێکی دیکە بیربکاتەوە.
رۆژنامەنووسهکە پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە ئایا ئەو سزای لە سێدارەدانی بە رەوا دەبینێ، حەیدەر گووتی: "سزای بکوژ، کوشتنە".
حەیدەر پێی وایە، ئێستا داعش تەنها سوپاکەی شکاوە، بەڵام ئایدۆلۆژیای ئەو رێکخراوە هێشتا زیندووە.
رۆژی هەینی (29/06/2018)، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ یەکەمینجار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ 12 ئەندامی داعش کە سزایان بەسەردا سەپابوو دهركرد.