پەرلەمانی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ دەکات

كۆبوونەوەكان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی دواناخەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پڕۆژە یاسایەك، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە. بڕیاریشە ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا پەرلەمان، تاوتوێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بكات. پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای دەكات، نایانەوێت لەوە زیاتر كۆبوونەوەكانیان بەھۆی پڕۆژەی چاكسازی دوابخەن.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پڕۆژەیاسایە کۆببێتەوە و لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پەرلەمان لەبارەی کارکردن بە یاسا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای سندووقی خانەنشینی، هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان گفتوگۆبکات و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پڕۆژەیاسای تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆكان بکات".

لە ماوەی رابردوودا ھەوڵدرا، كە پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی، پەرلەمانی کوردستان تائێستا نەیتوانیووە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکات.

خەلەف ئەحمەد، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "لەسەرەتای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەم وەرزەی پەرلەمان بڕیاربوو، یەكەم پڕۆژە یاسای خانەنشینی بێت كە گفتوگۆی لەسەر بكەین، چونكە لە رابردوو دەنگی لەسەر درابوو، بەڵام بەھۆی ئەو بارودۆخەی دروستبوو راگیرا. سێ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر یاسای چاكسازی راگیرا، بەڵام ناكرێت چیتر دانیشتنەكان دوابخەین، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەو پرۆژە یاسایانەی خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە بیانكەین بە یاسا، ھەركاتێكیش فراكسیۆنەكان لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی رێككەوتن دەنگی لەسەردەدەین".

ھ.م