مێرکڵ دڵی وەزیرەکەی رازیكردو دڵی پەنابەرانی شکاند

وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی هۆرست زیهۆفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، بەهۆی کێشەی پەنابەران هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی لە حکوومەتەکەی ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا،  کرد. لەگەڵ مێرکڵ رێککەوتوون و دەستیشی لە کار نەکێشایەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، زیهۆفەر لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا گووتی: "ئێمە دوای گفتووگۆیەکی زۆر و توند، گەشتینە رێککەوتن".

لای خۆشیەوە ئەنگێلا مێرکڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز،  سەبارەت بە ناوەڕۆکی رێککەوتنامەکە رایگەیاند: "ئێمە سەنتەری تایبەت دروست دەکەین بۆ ئەو پەنابەرانەی کە دەیانێرینەوە بۆ وڵاتەکانیان، ئەمەش بە رێککەوتن دەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پەنابەرانیان لێوە هاتووە".

راوێژکاری ئەڵمانیا گووتیشی: "رێگایەکی باشمان بڕی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوانەشی دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا، ئەمەش دوای گفتوگۆی توند و رۆژانێکی سەخت دێت".

زیهۆفەر جیا لەوەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیایە، سەرۆکی پارتی یەکێتی سۆشیال کریستیانە کە بە پارتێکی نەریتپارێزی هەرێمی باڤارایا لە ئەڵمانیا تەماشا دەکرێت. پێشتریش رایگەیاندبوو، ئەگەر لەگەڵ مێرکڵ لەو کۆبوونەوەیە نەگاتە رێککەوتن سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران ئەوا دەست لەکاردەکێشێتەوە.

لە ساڵی 2014، مێرکڵ، دەرگای بەسەر پەنابەراندا کردەوە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی پەنابەران لە ئەڵمانیا و ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاواز لەلایەن بەشێك لە پەنابەرانەوە، ئێستا هەم بەشێك لە سیاسییەکان و هەمیش زۆرێك لە هاووڵاتییان نیگەرانن و دەیانەوێت وڵاتەکەیان رێکاری توندتر بگرێتەبەر بەرامبەر بەو پەنابەرانەی لە ئەڵمانیان و ئەوانەشی پلانیان هەیە کۆچ بۆ ئەو وڵاتە بکەن.