به‌ ڤیدیۆ... خه‌ریك بوو له‌سه‌ر تۆپی یارییه‌كه‌، فایناڵی مۆندیال نه‌كرێت

هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك تۆپی خۆی له‌گه‌ڵ هێنا بوو، هه‌ریه‌كه‌یان پێداگیریان ده‌كرد به‌ تۆپی خۆیان یاری بكه‌ن

له‌ یه‌كه‌مین مۆندیالی 1930 له‌ مێژوو خه‌ریك بوو به‌هۆی تۆپی یاریی كۆتایی مۆندیال هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ نه‌كرێت.

لە یاریی کۆتایی یەکەم مۆندیال کە لە ساڵی ١٩٣٠ لە ئۆرۆگوای بەڕێوەچوو، کێشە لەسەر تۆپی یارییەکە دروستبوو، چونکە ئەوکات وەکو ئێستا تۆپی تایبەت بە مۆندیال نەبوو، هەر جارەو بە تۆپێک یارییەکان ئەنجام دەدران و ئەوکات تۆپەکانیش جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیان هەبوو، چونکە کۆمپانیای تایبەت بە دروستکردنی کەلوپەلی وەرزشی پێشکەوتوو نەبوو.

ئارجێنتینا و ئۆرۆگوای کە گەیشتبوونە یاریی کۆتایی مۆندیالەکە، هەریەکەیان تۆپی تایبەت بەخۆیان هەبوو، هەردوو هەڵبژاردە پێداگیریان لەسەر ئەوە دەکرد یارییەکە بە تۆپی ئەوان ئەنجام بدرێت، چونکە پێیانوابوو یاریزانەکانیان بە یاریکردن بە تۆپی خۆیان ئاسوودەترن.

خەریکبوو لەسەر تۆپ یاریی کۆتایی یەکەم مۆندیال هەڵبوەشێتەوە و بەڕێوە نەچێت، چونکە هەردوو هەڵبژاردە ئامادە نەبوون سازش بۆ یەکتری بکەن، تەنانەت یارییەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێکیش لە وادەی خۆی دواکەوت، سەرپەرشتیارانی هەردوو هەڵبژاردە هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد ئەگەر یارییەکە بە تۆپی ئەوان نەکرێت ئەوان یارییەکە ئەنجام نادەن.

بەرپرسانی ئەوکاتی فیفا لە کۆتاییدا توانیان چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن، دوای گفتوگۆ و راوێژێکی زۆر بە سەرپەرشتیارانی هەردوو هەڵبژاردە، هەردوولایان رازی کرد، گێمێک یارییەکە بە تۆپی یەکێکیان بەڕێوە بچێت و گێمەکەی دیکەش بە تۆپی هەڵبژاردەکەی دیکە بەڕێوە بچێت.

ئەم هەموو مقۆمقۆیە لە کاتێکدابوو، زیاتر لە ٩٣ هەزار هاندەر لە یاریگەی سێنتێناریۆ لە مۆنتیڤیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای ئامادەبوون، چاوەڕێی فیکەی جۆن لانگینۆسی ناوبژیوانی بەلجیکییان دەکرد بۆ ئەوەی یارییەکە دەستپێبکات.

لە کۆتاییدا هەردوو هەڵبژاردە بە پێشنیارەکەی فیفا رازی بوون، ئۆرۆگوای میواندی مۆندیالەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە ئارجێنتینای بردەوە، ئەوەی جێگای سەرنج بوو، لە نیوەی یەکەم کاتێک یاریی بە تۆپی ئارجێنتینا کرا ئارجێنتینا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک پێشکەوت، لە نیوەی دووەم کاتێک یارییەکە بە تۆپی ئۆرۆگوای کرا ئۆرۆگوای بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی یەکەم مۆندیال.