وه‌زاره‌تی دارایی له‌ باره‌ی لیستی مووچه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

بۆچی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ لیستی یه‌كه‌می مووچه‌ نه‌بووه‌؟

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستی مووچه‌، روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەته‌كانی پێشمەرگە، ناوخۆ و پەروەردەیە، بۆیه‌ ناتوانن لەیەك لیست هەمووی به‌یه‌كه‌وه‌ بده‌ن تا بڕه‌ پاره‌ی دووه‌م به‌رده‌ست ده‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە لە سەر بنه‌مای دوو بڕە پارەیە، ئەوانیش 378 ملیار دیناری داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و 317 ملیار دینارەیە كە بەغدا دەینێرێت، بۆیە مانگانە مووچە لەكاتی خۆی دابەشدەكرێت بە دوو لیست، لە لیستی دووەم لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا یەكەم وەزارەت، وەزارەتی پەروەردە دەبێت.

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، لیستێكی دابه‌شكردنی مووچه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند وه‌زاره‌تێك بوونییان له‌ لیسته‌كه‌دا نه‌بووه‌ و گه‌وره‌ترینیان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی مووچه‌خۆرانی فه‌رمانبه‌ره‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، دواتریش وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی:

"رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری یەوە بۆ رای گشتی و مامۆستایانی بەڕێز

1_ لەسەرەتای راگەیاندنی سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە ئەوە راگەیاندرا كە بنەمایی ئەم سیستەمە لە سەر دوو بڕە پارەیە، ئەوانیش 378 ملیار دیناری داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ 317 ملیار دینارەیە كە بەغداد دەینێرێت، بۆیە مانگانە مووچە لەكاتی خۆی دابەشدەكرێت بە دوو لیست، لە لیستی دووەم لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا یەكەم وەزارەت، وەزارەتی پەروەردە دەبێت.

2_ لە ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریاندا لە دابەشكردنی مووچە مانگانە یەكەم وەزارەت لە ریزبەند وەزارەتی پێشمەرگە بێت.

3_ زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ و پەروەردەیە ناتوانرێت لەیەك لیست هەمووی پێكەوە بدرێت، چونكە هەردوو بڕە پارەكە بەیەكەوە ناگاتە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

3/6/2018"

 

ا. م