حكوومەتی ھەرێم رێگە لە زێدەڕۆیی دەگرێت

"چاوپۆشی لەو كەسانە ناكرێت كە پلە و پۆستیان ھەیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە مەبەستی رێگریكردن لە زێدەڕۆیی لە ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و كشتوكاڵ، كۆنفرانسێكیان لە ھەولێر رێكخست، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا ئامانجی كۆنفرانسەكە خرایەڕوو.

لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی زێدەڕۆیی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

 گوتیشی: "ئەو یاسایە لەبارەی نەهشێتنی زێدەڕۆیی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بۆ ئەو زێدەڕۆییانەیە، کە لەمەودوا ئەنجامدەدرێن".

 ئاماژەی بەوەشدا: "پێشتر پەرلەمان دوو یاسای بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی زێدەڕۆیی لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: "رێکاری یاسایی بەرامبەر بە ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، کە زێدەڕۆییان ئەنجامداوە".

باسی لەوەشكرد: "تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون، بۆ ئەوەی بەبێ گوێدانە پلە و پۆست، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانە بگرنەبەر، كە زێدەڕۆیی دەكەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "هیچ جیاوازییەك لەنێوان کەسانی زێدەرۆییکار ناکرێت و هەمووان لەبەردەم یاسا یەکسانن".

 ھ.م