تۆماری دەنگدەرانی هه‌رێم نوێ ده‌كرێته‌وه‌

كۆمسیۆن داوا لە دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان دەكات سەردانی بنكەكان بكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو، دەست بكرێت بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستانیش داوا لە ھاووڵاتیان دەكات، بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان سەردانی بنكەكان بكەن.

ئارام نەجمەدین، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە رۆژی سێ شەممەی داھاتوو 10/7/2018، دەستدەكرێت بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی 30 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە دەنگدەران بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان سەردانی بنكەكەكان بكەن، لەبەر ئەوەی ئەو تۆمارە جیاوازە لە تۆمارەی پێشتری ھەڵبژاردنەكانی عێراق، كە پشتی پێدەبەسترا".

ھەر لەسەر ئەو پرسە كاروان  جەلال، بەرپرسی داتا و زانیاری لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "رێكاری نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەسەر ئاستی پارێزگاكانی ھەرێم دەبێت و لە قەزا و ناحییەكانیش بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەبێت، پێشتر لە ھەولێر 53 بنكە ھەبوو، ئێستا ژمارەی بنكەكان زیادكراوە و ھەولێر دەبێتە 76 بنكە، لە سلێمانی پێشتر 74 بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھەبوو، لەمەدوا دەبێتە 84 بنكە، ھەروەھا لە ھەڵەبجە ھەشت بكە و لە پارێزگای دھۆكیش 48 بنكەمان دەبێت".

ئاشكراشی كرد: "ئەو دەنگدەرانەی دەیانەوێت ناوەكانیان بۆ بنكەیەكی دیكە بگوازنەوە لە بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران مامەڵەیان بۆ دەكرێت"

بڕیارە لە 30/9/2018، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.