رۆژین: دەبێ ھونەرمەند بە زمانی خۆی شەڕ بكات

رۆژین ئەلبوومێكی نوێ بڵاودەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - ئیستانبوڵ

كچە ھونەرمەندی كورد رۆژین، نوێترین ئەلبوومی خۆی بەناوی (رۆژین2018) بڵاودەكاتەوە و لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كوردستان24 باس لە ئەلبوومەكە و بەشێك لە ژیانی خۆی دەكات.

رۆژین بە كوردستان24 راگەیاند: "ھونەرمەند شەڕڤانی زمانی خۆیانن، لەو وڵاتە فاشستەی كە دژی كرمانجییە، دەبێ ھونەرمەند شەڕی زمانی خۆی بكات و شەڕڤانێكی مەزن بێت".

رۆژین لە ساڵی 1980 لە شاری ئەدەنە لە دایكبووە و بە رەچەڵەك خەڵكی شاری مێردینی باكووری كوردستانە، جگە لە گۆرانی و موزیك، لە بواری شانۆش خزمەتی بە ھونەری كوردی كردووە. رۆژین 20 ساڵە گۆرانی دەڵێت و تائێستا 7 ئەلبوومی بڵاوكردووەتەوە، لە ئەلبوومە نوێیەكەیدا كە ناوی (رۆژین2018)یە 9 گۆرانی بە زمانی كوردی و توركی لەخۆ دەگرێت.

رۆژین دەڵێت: "ئەلبومە نوێیەكەم لە 9 گۆرانی پێكھاتووە، بەڵام ئێستا 8 گۆرانیم بڵاوكردووەتەوە، گۆرانییەكانم بە زمانی كوردی و توركی و زازاكیش گوتووە، گۆرانی رۆمانسی و ئەڤینی و شاد لە ئەلبوومەكەدا ھەن".

ئەو ئاماژە بەوە دەكات: "كاری ھونەرمەندانی كورد زۆر زەحمەتە، دەبێ ھونەرمەند ئازادبێت، بەدوای ئاغا و دەوڵەمەند نەگەڕێت و پشت بە خۆی ببەستێ".

رۆژین، باس لەوە دەكات: "ئێستا لەلایەن دەوڵەتی توركیا وەك تیرۆریست تەماشای دەكرێت و لای ھەندێك حزبی كوردیش وەك خائین، بۆ گەلیش من رۆژینم، ئەو دەنگۆیانە كاریگەری دەكاتە سەر دەرونم، منیان بێكاركرد، گوتیان خائینی. من رۆژین ھەموو بۆچوونەكانم وەك خۆ دەڵێم، سەرم بۆ كەس دانانوێنم، من خۆمم".

دەشڵێت: "ھەمیشە بەرگری لە كورد بوونم دەكەم و بە دووژمنانی كورد دەڵێم، ئێوە چۆن ماف بە خۆتان دەدەن دەوڵەتان ھەبێ، ئێمە مافی خۆمانە دەبێ دەوڵەتمان ھەبێت".

ھ.م