عێراقییه‌كان له‌گه‌رمان وێنه‌ی خامنه‌یی ده‌دڕێنن

"حكوومه‌تی عێراق به‌ بێ هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر‌ بڕینی كاره‌با پاشكۆیه‌تی خۆی بۆ ئێران پشتڕاست كرده‌وه"

K24- هه‌ولێر:

به‌هۆی بڕینی كاره‌بای ژماره‌یه‌ك پارێزگای عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، كورتهێنان له‌ بڕی كاره‌بای پێویست گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 1000 میگاوات، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ شاره‌كانی به‌سره‌، ناسریه‌ و عیماره‌ی باشوور توشی كێشه‌ی كاره‌با بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی هاووڵاتیانی ئه‌و شارانه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌ و چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌و شارانه‌ی عێراق داوای دڕاندنی وێنه‌كانی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی ده‌كه‌ن، كه‌ شه‌قامه‌كانی شاره‌ زیالێكه‌وتووه‌كانی ته‌نیوه‌.

ئه‌م چالاكوانه‌ش له‌ تویتێكدا داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات وێنه‌كانی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی له‌به‌سره‌ و میسان بدڕێنن:

له‌ تویتێكی دیكه‌دا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، سه‌ید عه‌لی موسه‌وی باس له‌ بێزاری خه‌ڵكی شاره‌كانی باشوور له‌ ره‌فتاره‌كانی ئێران و هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات:

چالاكوانێكی دیكه‌ ده‌ڵێت: حكوومه‌تی عێراق به‌بێ هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر‌ بڕینی كاره‌با پاشكۆیه‌تی خۆی بۆ ئێران پشتڕاست كرده‌وه‌:

له‌مباره‌شه‌وه‌ عه‌لی به‌یاتی، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ له‌ عێراق نیگه‌رانی خۆی له‌ بڕینی كاره‌با له‌سه‌ر هاووڵاتیان نیشاندا، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ شه‌پۆلێكی گه‌رما عێراقی گرتۆته‌وه‌ و له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر هاووڵاتیان پێویستییان به‌ كاره‌بایه‌.

به‌یاتی گوتیشی، "باوه‌ڕم وایه‌ به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانی ئێران له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، تاران ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناوه‌ و پێویسته‌ عێراق ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌زووترین كات چاره‌سه‌ر بكات".

H.B