داعش خێزانی پاسه‌وانێكی هادی عامری كۆمه‌ڵكوژ كرد

شه‌ڕی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌نێوان داعش و ھێزه‌كانی عێراق فراوان ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح و ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در ده‌ڵیت: "چه‌كدارانی داعش گوشتارگه‌یه‌كیان ده‌رحه‌قی ئه‌ندامانی خێزانی یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانم ئه‌نجامداوه‌و 7 كه‌سیان به‌یه‌كجار كوشتووه‌".

عامری له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ڵێت: "هێشتا شه‌ڕی داعش به‌رده‌وامه‌، شه‌وی رابردوو له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌، چه‌كدارانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانی یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی منیان كوشتووه‌".

شەڕی ئێستای نێوان ھێزەكانی عێراق و چەكدارانی داعش، وەك شەڕی تۆڵەكردنەوەی لێھاتووە، چەند رۆژێك لەمەوبەر و لە تۆڵەی كوشتنی 8 رفێندراوەكە، ھێزەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان دەستپێكرد، لە تۆڵه‌ی ئەوەشدا داعش لە ناوچەكانی رۆژئاوای نەینەوا و باشووری دیالە دەستی بە ھێرشەكانی كردووەتەوە و تاكو ئێستا 14 كەسیان كوشتووەو رفاندووە.

ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی عێراق لە باكووری رۆژھەڵاتی دیالەیە، داعش لە باشووری پارێزگاكەوە 8 كەس دەڕفێنێت و دەكوژێت.

ھێزەكانی عێراق لە ناوچەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووك پرۆسەی كێوماڵكردن ئەنجام دەدەن، داعش لەناوچەكانی رۆژئاوای  نەینەوا ھێرش دەكات.

لە سەڵاحەدین ئۆپەراسیۆنە و لە بەغدا تەقینەوەیە.

ئیتر ئەمە حاڵی ئێستای دۆخی ئەمنی عێراقە، ئەوە شەڕی جاروبارەی نێوان ھۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و باندەكانی رفاندن و خۆپیشاندانەكانی خەڵك لەدژی نەبوونی كارەبا و ئاویش لەولاوە بوستێت.

سەرەڕای ئەوەی سەرجەم كەرتە سەربازییەكان، لە سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵی، حەشدی شەعبی، بەرپەچدانەوەی خێرا و سەرجەم ھێزە ئەمنییەكانی ھەرسێ پارێزگای سەڵاحەدین، كەركووك، دیالەش بەشدارن و فڕۆكەكانی عێراق و ھاوپەیمانانیش پاڵپشتییان دەكەن، بەڵام ناتوانن سنوورێك بۆ ھێرش و كردەوەكانی داعش دابنێن، ئەمەش لەكاتێكدایە، لە ساڵی رابردووەوە كۆتایی ھاتنی داعش لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانەوە راگەیەنراوە.