پۆلیسی ئه‌وروپا به‌دوای ژماره‌یه‌ك كورددا ده‌گه‌ڕێ

"پرۆفیشناڵترین باندی قاچاخچێتیكردنن"

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسان و پۆلیسی ئەوروپا دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی گروپێکی قاچاخچی کورد (خەڵکی هەرێمی کوردستانن) کە بە یەکێک لە "پڕۆفیشناڵترین" گروپەکانی قاچاخچییەتی لە ئەوروپا دادەنرێن.

بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی ئەلیکترۆنی ناشناڵ، ئەو گروپە کوردە تەکنیکی زۆر ئاڵۆز بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی پەنابەران لە عێراقەوە بۆ ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ بەریتانیا.

ئاژانسی ئه‌منی بریتانی ئاشکرایکردووە، ئەو گروپە تەنانەت بۆ شاردنەوەی ئەو پەنابەرانەی لە ئەوروپاوە بە قاچاخ دۆڕنە بریتانیا، دەرگا و جێگای شاراوەیان لەناو لۆرییەکان بە لەحیم دروست کردووە.

تۆم دۆودال، سەرۆکی ئاژانسەکە، لەبارەی کارەکانی ئەو گروپە گووتی: "کوردەکانی عێراق زۆر بەشێوەیەکی رێکخراو لە عێراقەوە تا بریتانیا دامەزراون. ئەوان ماوەی 10 ساڵە خۆیان لە باکووری فرەنسا دامەزراندووە و کاریگەری گەورەیان هەیە".

ئەم هەنگاوە پۆلیسی ئەوروپا لە کاتێکدایە، یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی داوە کە رێکكاری تووندتر بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هاتنی پەنابەران بۆ نێو خاکی ئەوروپا.

بەگوێرەی ئاژانسی پۆلیسی ئەوروپا (یۆرۆپول)، گروپەکانی قاچاخچی ئەوروپا، ساڵانە 3 بۆ 6 ملیار یۆرۆ قازانج دەکەن لە گواستنەوەی پەنابەران.

پۆلیس بە بەکارهێنانی ئامێری دەرخەری لێدانی دڵ، دەتوانێت بزانێت کە کەسێک لەناو بەرهەڵگرەکان بە نهێنی هەیە، بەڵام ئەم گروپە کوردە، بارهەڵگری ساردکەرەوە (بەڕاد) بەکاردەهێنن کە ئەو ئامێرە تیایاندا کار ناکات.

جیا لەو گروپە کوردە، پۆلیسی ئەوروپا بۆ چەند گروپێکی ئەفغانیش دەگەڕێت کە کاریان بە قاچاخبردنی خەڵکە بۆ ئەوروپا و بەڕیتانیا.