"بەبێ تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە ناتوانرێ پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبچێت"

سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ شاندی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی له‌ شاندی هاوبه‌شی لیستی فه‌تح و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا كرد، كه‌ بۆ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و پێكهێنانی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی، لە دیدارەكەدا شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە بنیاتانەوەی عێراق و ئێش و ئازار و قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلی كوردستان، جەختیان لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و هێزە عێراقییەكان و قوربانیدانی هاوبەش لەدژی دیكتاتۆرییەت كردەوە.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، داوایان كرد لە عێراقدا هەموو لایەك بەیەكەوە قۆناغێكی تازە دەستپێبكەن و هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكەنەوە, لەپێناو گەیشتن بە سەقامگیری و شەراكەتی راستەقینەش تەحەدیاتی سیاسیی ئێستای عێراق تیبپەڕێنن, ئەوەیشیان خستووه‌تەڕوو كە بە بێ تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە ناتوانرێ پڕۆسەی سیاسی بەڕێوە بچێت و هیچ دەستكەوتێكیش بۆ هیچ لایەنێك نايه‌تە دی.

لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌، روانگەی سیاسیی لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسایان بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و رۆشناییان خستەسەر بۆچوونی هەردوو لیستەكە بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورەی په‌رلەمانی و نووسینەوەی پڕۆگرامی ئیدارەی وڵات لە قۆناغی داهاتوودا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی تەحەدیاتەكان و جێبەجێكردنی دەستوور ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە پەیوەندییە مێژووییەكان و جێبەجێكردنی دەستوور و هەروەها لۆژیك و عەقلانیەت بكرێتە هەوێنی پڕۆسەی سیاسی و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی لە پڕۆسەی سیاسیدا پەیڕەو بكرێت, لەژێر رۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپە كوتلەی گەورەی پارلەمانی دابمەزرێت و حكوومەی تازە پێكبهێنرێت و پێویستیشە هەموو لایەك بۆ ئەو مەنهەج و بنەمایانە بگەڕێنەوە كە لە دوای 2003 عێراقی تازەی لەسەر بنیاتنرا.

ا. م