بڕیارێك لەبارەی رێگەی ھەولێر- كۆیە دەدرێت
K24 - ھەولێر
دوای روودانی چەندین رووداوی ھاتووچۆ لە رێگەی ھەولێر- كۆیە و كۆیە- كەركووك، بڕیاردرا ھاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە ھەردوو رێگاكە قەدەخە بكرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆی كۆیە، ھاتووچۆی بارھەڵگرەكان لە رێگەی نێوان ھەولێر- كۆیە، و كۆیە- كەركووك، لە كاتژمێر شەشی بەیانی تاوەكو ھەشتی ئێوارە قەدەخەدەكرێت و ئامانج لەم بڕیارەش كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی و رووداوی ھاتووچۆیە لەو دوو رێگایە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو بڕیارە لەئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەھاوبەشی ھەردوو كارگێڕی قەزای كۆیە و ھەولێر دراوە.
لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە، رێگەی سەرەكی ھەولێر كەركووك داخرا، بەو ھۆیەوە ھاتووچۆی نێوان ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی كەوتووەتە سەر رێگەی كۆیە و لە ئەنجامدا رووداوی زۆری ھاتووچۆ روویان داوە و ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیانیش بوونەتە قوربانی. ماوەیەكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەلای خۆیەوە رێگەی ھەولێر- كەركووكی كردووەتەوە، بەڵام تائێستا حكوومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو رێگایە بكاتەوە، كە ئاستەنگی زۆری بۆ ھاتووچۆی نێوان ھەولێر و كەركووك دروستكردووە.
ھ.م