بۆردوومان خەڵكی قەندیلی گەیاندە پەرلەمان

پەرلەمانتارێك: دەبێ پەكەكە رەچاوی ژیان و گوزەرانی خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە مەبەستی وەستاندنی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان و ھەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانیان، نوێنەری زیاتر لە 60 گوندی بناری قەندیل سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و یاداشتێكیان ئاراستەی پەرلەمان كرد. پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت، بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نایاساییە و دەبێت پەکەکە رەچاوی ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بکات.

محەمەد حەسەن، یەكێكە لە نوێنەرانی خەڵكی بناری قەندیل بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ وەك نوێنەری 63 گوندی بناری قەندیل، سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كرد و یاداشتێكمان دایە پەرلەمان، ھەموومان دەزانین ماوەیەكە دەوڵەتی توركیا ھەڕەشەی داگیركردنی بناری قەندیل دەكات، بۆیە لە یاداشتەكەماندا داوامان كردووە كە كاربكرێت بۆ وەستانی بۆردوومانەكانی توركیا و ھەڕەشەكانی بۆ داگیركردنی ناوچەكە، داواشمان لە پەرلەمان كردووە كە ھەڵوێستی ھەبێت".

ئەوەشی خستەروو: "لەماوەی رابردوودا بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیان چەندین ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی و ژمارەیەك لە گوندەكانیشمان بەرەو چۆڵبوون و وێرانبوون دەچن".

فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نایاساییە و دەبێت پەکەکە رەچاوی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بکات".

 گوتیشی: "دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لە ئەنجامی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانیان، لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێن، بەوهۆیەشەوە چەندین کەس بوونەتە قوربانی".

ھ.م