پرۆسەی ھەژماركردنەوەی دەنگەکان لە سلێمانی بایکۆت دەكرێت

لایەنە سیاسییەكان: رێگریمان لێكراوە و شەرعیەت بە پرۆسەكە نادەین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

حەوت لایەنی سیاسی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان لە سلێمانی بایکۆت دەکەن و پڕۆسەكە بە نا شەفاف وەسف دەكەن.

هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئسیلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کورستان بەهۆی رێگە نەدان بە چوونە ژوورەوەی چاودێرانیان لەلایەن لیژنەی دادوەری بۆ ژماردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانیان کرد و رایگەیاند شەرعیەت بە پرۆسەکە نادەن و رەتیدەکەنەوە.

زۆسك محەمەد، نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە كاتی ھەڵپچڕاندنی سندووقەكانی دەنگدان رێگە نەدرا، نوێنەری لایەنەكان لێی نزیك ببنەوە، دوای ئەوەی كە شەش لایەنی سیاسی بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد، كاتی جیاكردنەوە و ھەژماركردنەوەی دەنگەكان،رێگەیاندا ئێمە بچینە پێشەوە، ئەوكاتیش نەیانھێشت ئێمە تەماشای باركۆد و قفڵەكان بكەین، كە گومانمان لێی ھەیە، گوتیان گەر ناڕازین بڕۆنە دەرەوە، ئێمەش بایكۆتی پرۆسەكەمان كرد".

ھاوكات بێستون محەمەد، نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە بنكەی ھەژماركردنەوەی دەنگەكان لە سلێمانی گوتی: "ئەوانەی رێگریمان لێدەكەن، ھەر ئەوانە ساختەكاریان كردووە، دەیانەوێت ساختەكارییەكان ئاشكرا نەبێت. دەیانەوێت شەرعیەت بدەین بە كارێكی ناشەرعی ئەوان، ئێمەش ئەوە قبووڵ ناكەین".

ئەوەشی خستەڕوو: "بە سەربازگە كردنی پرۆسەی ھەژماركردنەوەی دەنگەكان و رێگری كردن لە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و رۆژنامەنووسان، كارێكی ناشارستانی و نا دیموكراتییە، پێویستە یاسای ھەمواركراوی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بكرێت، پرۆسەی ھەڵبژاردنی عێراق خۆی لەژێر پرسیاردایە، بە ھیچ جۆرێك دان بە ئەنجامانەكان دانانێین و با ئەو نایاسایەش بچێتە سەر ئەوانی دیكە".

ھ.م