"مایا" چیدیكه پێویستی به له‌پێكردنی قوتووی ماسی نییه
K24 - هه‌ولێر:
"مایا مه‌رعی" ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ، كچێكی په‌نابه‌ری سوورییه، ئه‌و جیاوازه له كچانی هاوته‌مه‌نی خۆی، كاتێك به‌یانییان له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت، تا ناو ده‌رگه‌ی خێوه‌ته‌كه‌یان له كه‌مپ، له‌سه‌ر سك ده‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ، له جێ قاچه بڕاوه‌كانی، دووبۆری پلاستیكی بخاته قاچه‌كانی، له جێگه‌ی پێڵاویش، دوو قووتووی به‌تاڵی ماسی له جێگه دانراوه.
مایا، وه‌ك هه‌زاران هاووڵاتی دیكه‌ی سووریا، دوای ئاواره بوون، له كامپی په‌نابه‌ران گیرسایه‌وه، ئه‌و له‌گه‌ڵ باوكی، كه هاوشێوه‌ی خۆی هه‌ردوو قاچه‌كه‌ی به‌هۆی بۆردومانی رژێمی سووریا له‌ده‌ستداوه و دايكی و شه‌ش خوشك و برای دیكه‌ی ده‌ژی، پێشتر ماڵیان له باشووری حه‌له‌ب بووه، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕ و بۆردومان ئاواره بوونه و له كامپی "قونه‌یته‌ڕات" له ئیدله‌ب گیرساونه‌ته‌وه.
ئه‌و كچه، له كاتی له‌دایكبوونی، به شێوه‌ی سكماك، گرفتی له قاچه‌كانیدا هه‌بووه، بۆیه ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی توانیویه‌تی بیكات، چاككردنی دوو بۆری پلاستیكی بووه، چونكه هه‌ژاربوونه و توانای دابینكردنی قاچی ده‌ستكردنیان نه‌بووه.
له چاوه‌ڕوانی قاچه ده‌ستكرده‌كان
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی چیرۆكی مایا و باوكی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پزیشكێكی توركی تایبه‌تمه‌ند له بواری په‌لی ده‌ستكرد، به‌ناوی "محه‌مه‌د زه‌كی چۆلجو"، كه دانیشتووی ئیستانبوله، بڕیاریدا قاچی ده‌ستكرد بۆ كچه هه‌شت ساڵییه‌كه دابین بكات.
دواجار خه‌ونی مایا، بۆ هه‌بوونی دوو قاچی ده‌ستكرد هاته‌ی، ئه‌و له رۆژی پێنجشه‌ممه‌وه گواستراوه‌ته‌وه ئیستانبول، بۆ ئه‌وه‌ی قاچه ده‌ستكرده‌كانی بۆ دابنرێت.
عه‌لی مه‌رعی، باوكی مایا، كه له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌یدا چووه‌ته ئیستانبول، به خه‌مبارییه‌وه ده‌ڕوانێته كچه‌كه‌ی، كه توانای رۆیشتنی نییه، روونیشی ده‌كاته‌وه، چه‌ند جارێك هه‌وڵیداوه چاره‌سه‌رێك بۆ كچه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه، به‌ڵام جه‌نگ ماڵوێرانی كردوون و نه‌یتوانیوه دڵی كچه‌كه‌ی به دووقاچ، ئه‌گه‌ر ده‌ستكردیش بێت، خۆشبكات.
باوكی مایا ده‌شڵێت: "كچه‌كه‌م ناتوانێت هیچ شتێك بكات ئه‌گه‌ر هاوكاری نه‌كرێت، ئێستا كه ده‌یبینم هه‌ست به خه‌مباری ده‌كه‌م، من ده‌مه‌وێ كچه‌كه‌م ببینم كه ده‌چێته قوتابخانه و به شێوه‌یه‌كی ئاسایی دێت و ده‌چێت".
سه‌رچاوه: العربی پۆست
ا. م