سێ گەشتیار لە دەریاچەی دوکان خنکان
K24 - سلێمانی
سێ ھاووڵاتی بە رەگەز عەرەب كە بۆ گەشتوگوازار سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردبوو، لە دەریاچەی دوكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی خنكان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "ئەمڕۆ سێ هاووڵاتی بەناوەکانی (ح. ر. ص) لە دایکبووی 1982 ، ( ع. ع. م) لە دایکبووی 1991 و خێزانی بەناوی (د. س. د) لەدایکبووی 1993 کە هەرسێکیان بە رەگەز عەرەب و دانیشتووی شاری بەغدان، بە مەبەستی گەشتکردن روویان لە سەیرانگای دوکان کردبوو، لە دەریاچەی دوکان خنکان".
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس و تیمی مەلەوانی دوکان توانرا لە ماوەیەکی کەمدا تەرمی هەرسێکیان دەربهێنرێتەوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەش بەردەوامە".
ھ.م