گه‌رما و بێ كاره‌بایی 10 عێراقی كوشت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و شه‌پۆله گه‌رمایه‌ی له سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزه‌وه عێراقی گرته‌وه، بووه‌ته هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی عێراقی و زۆربه‌شیان به‌هۆی نه‌بوونی پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له نه‌خۆشخانه‌كاندا مردوون.
رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی جه‌دید، له‌وباره‌یه‌وه راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و له زاری به‌رپرسانی رێكخراوێكی ناوخۆییه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ژماره‌یه‌ك نه‌خۆش به‌هۆی پچڕانی ته‌زووی كاره‌با له كاتی شه‌پۆله گه‌رماكه‌دا له نه‌خۆشخانه‌كاندا مردوون".
هه‌روه‌ها له زاری سه‌رچاوه‌ی پزیشكییه‌وه ده‌ڵێت: "به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 10 هاووڵاتی عێراقی كه زۆرینه‌یان منداڵ بوون، له‌ماوه‌ی 3 رۆژی رابردوودا له نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا و رۆژئاوا و باشووری عێراق، به‌هۆی ئه‌وه‌ی رۆژانه چه‌ند كاتژمێرێك كاره‌با پچڕاوه گیانیان له ده‌ستداوه".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی هه‌مان سه‌رچاوه، ئه‌و موه‌لیدانه‌ی وه‌ك یه‌ده‌گ بۆ نه‌خۆشخانه‌كان دانراون، توانای ئه‌وه‌یان نییه 18 تا 20 كاتژمێر كاره‌با دابین بكه‌ن و دابه‌شكردنی كاره‌بای نیشتمانیش بۆ كه‌متر له 6 كاتژمێر كه‌مبووه‌ته‌وه".
سه‌رچاوه پزیشكییه‌كه گوتوویه‌تی: "ئامێری ئۆكسجین و ئامێره‌كانی دیكه به‌هۆی بێ كاره‌بایی راوه‌ستاون، له كاتێكدا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ نه‌خۆش كراوه، كاره‌با له ژووره‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری براوه و دوو له‌و كه‌سانه‌یشی له‌ژێر نه‌شته‌رگه‌ریدا كاره‌بایان له‌سه‌ر بڕاوه، ئه‌ندامی هێزه سه‌ربازییه‌كان بوون و به برینداری هێنرابون".
زیاء وه‌كیل، سه‌رۆكی رێكخراوی دیجله بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت: "پچڕانی كاره‌بای نیشتمانی له نه‌خۆشخانه‌كاندا و بوونی له ماڵی به‌رپرسان و سیاسییه‌كان و پیاوانی ئایینی و ماڵه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز، بابه‌تێكی ناشیرین و قیزه‌ون و نامرۆڤانه‌یه. كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی 50% نه‌خۆشه‌كان روو له‌و نه‌خۆشخانانه نه‌كه‌ن".
ئه‌و ره‌وشه چالاكوانانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی توڕه كردووه و هه‌وڵی وێنه‌گرتنی بارودۆخی نه‌خۆشخانه‌كانیان له‌كاتی پچڕانی كاره‌با داوه و ره‌خنه له حكوومه‌ت ده‌گرن و داوا ده‌كه‌ن فریای ژیانی نه‌خۆشه‌كان بكه‌وێت.
له زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌وڵدراوه وێنه‌ی بارودۆخه‌كه بگیرێت، موزه‌فه‌ر جیواری یه‌كێكه له چالاكوانه‌كان و ده‌ڵێت: "هه‌وڵی زۆرماندا بچینه چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی بارودۆخی نه‌خۆشه‌كان له كاتی نه‌بوونی كاره‌با بگرین، به‌ڵام به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌كان رێگری ده‌كه‌ن و ناهێڵن ده‌نگی نه‌خۆشه‌كان بگه‌یێنینه رای گشتی و حكوومه‌تی عێراق".
به‌ڵام ده‌ڵێت: "زانیاری ته‌واومان ده‌ستكه‌وتووه كه له چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌كی عێراقدا، به‌هۆی پچڕانی كاره‌باوه چه‌ندین كه‌س مردوون و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیش هیچ هه‌وڵێكی بۆ رزگاركردنی ژیانی ئه‌و نه‌خۆشانه نه‌داوه".
نه‌خۆشه‌كانیش سكاڵا له حاڵی خۆیان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، كاره‌بای نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بڕێت و هیچ جێگره‌وه‌یه‌كیشی نییه و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و حكوومه‌تی عێراقی كه‌مته‌رخه‌من".
مونزر كریعاوی، هاووڵاتییه‌كی عێراقییه و له‌وكاته‌ی له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی به‌غدا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه، چه‌ند كاتژمێرێك كاره‌با له هۆڵی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه بڕاوه، ده‌ڵێت: "توانای هه‌ستانه‌وه‌م نه‌مابوو، دایك و باوكم به‌خێرایی منیان گه‌یاندبووه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی كوردستان".
هاووڵاتییه‌كی دیكه به‌ناوی مه‌یسه‌ر زوبه‌یدی كه ته‌مه‌نی 51 ساڵانه ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق بوون به فڕن بۆ نه‌خۆشه‌كان، به‌رده‌وام كاره‌با ده‌پچڕێ، ئه‌وه‌ی سه‌یریشه به‌پاساوی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی موه‌لیده‌كان ناخه‌نه كار".
له چه‌ند رۆژی رابردوودا پله‌ی گه‌رما له عێراق زۆر به‌رزبوویه‌وه‌و له چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق 50 پله‌ی تێپه‌ڕاند و ته‌نانه‌ت له شاری عه‌ماره‌ی ناوه‌ندی پارێزگای میسان گه‌یشته 51 پله و به به‌رزترین پله له‌سه‌ر ئاستی جیهان تا ئه‌م كاته ناوبرا.