ھەرێم و توركیا لاپەڕەیەكی نوێ دەكەنەوە

پاش توركیا سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەچێتە ئەوروپا
kurdistan24.net

K24 - ئەنقەرە

شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمیش سەردانەكە بە لاپەڕەیەكی نوێ دەزانێت، بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی ھەولێر و ئەنقەرە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بە گرنگ دەزانین، لەو بڕوایەداین ئەوانیش بایەخ بە پەیوەندییەكانی نێوانمان دەدەن. ھەرێمی كوردستان سەلماندویەتی كە لایەنی سەقامگیرییە لە ناوچەكە".

گوتیشی: "بەشداریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، دەتوانین بڵێین ئەوە لاپەڕەیەكی نوێ دەبێت لە پەیوەندییەكانی ھەولێر و ئەنقەرە، راستە ساڵێك لەمەوبەر گرژییەك لە پەیوەندییەكانمان ھەبوو، بەڵام توركیا سنووری دانەخست و ھەناردەی نەوتی بە بۆڕی رانەگرت و پەیوەندییمان ھەر ھەبووە، ھیوادارین لە داھاتوودا پەیوەندییەكانمان پێشوەچوونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینێ".

 

سەبارە بە دیداری تایبەتی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێم، ئەوەی خستەروو: "بەھۆی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆككۆماری توركیا، لەو باوەڕەدام دیداری دوو بە دوو لە نێوان سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم و سەرۆككۆماری توركیا بەڕێوە ناچێت، بەڵام بانگێشتكردن و بەشداریكردنی نێچیرڤان بارزانی لەو رێوڕەسمە ھەنگاوێكی ئەرێنییە بەرەو پێشەوەبردن و باشتركردنی پەیوەندییەكانی ھەردوولا، سەرەتاییەكە بۆ كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لە داھاتوودا".

سەفین دزەیی، ئاشكرای كرد: "نێچیرڤان بارزانی، سەردانی ئەوروپا دەكات و بڕیارە سبەی لە ئەوروپا چەندین دیدار و كۆبوونەوەی تایبەتیهه‌بێت".

ئه‌مڕۆ 9-7-2018 لەکاتژمێر چواری ئێوارە بەکاتی هەولێر، رێوڕەسمی سوێندخواردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەمەش دوای ئەوەی لە 24-6-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەچوون. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەردۆغان لە خوولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا توانی رێژەی لە 52.5%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە. هەروەها ئاکپارتی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بوو بە بەدەستهێنانی 295 کورسی لە کۆی 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

بڕیاریشە ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ له‌ كۆشكی بێشته‌په‌-ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا له ئه‌نقه‌ره‌، ئاهه‌نگ و رێوڕه‌سمی پیرۆزباییكردن له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌ ئاماده‌بوونی 22 سه‌رۆككۆمار، 17 سه‌رۆكوه‌زیران، جێگری سه‌رۆك و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وڵاتانی بیانی و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك و نوێنه‌رانی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. شه‌ش هه‌زار كه‌س به‌شداری رێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌بن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەدار، هونەرمەند و زانا و وەرزشڤانی بەناوبانگی جیهانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا بانگهێشت کراون. 

هەر دوای ئەوەش ئۆردۆگان لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەر و بەرپرسانی وڵاتانی بیانی کۆدەبێتەوە لەوانە ، دیمیتری مێدڤێدیڤی سەرۆک وەزیرانی روسیا و شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئالسانی، میری قه‌ته‌ر، لە هەرێمی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیران بە بانگهێشتێکی فەرمی لەوێ دەبێت و لە نێو بەرپرسانی عێراقیشدا تەنها ناوی ئوسامە نوجێفی دێت.

لە ناوخۆی تورکیادا ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئۆردۆگان دووچاری کۆمەڵێک کاردانەوەی پێشوەختە بووە، بۆ نموونە جەهەپە وەک گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە زاری ئوزگور ئۆزەلی پەرلەمانتارەوە رایانگەیاندووە ئەوان بە هیچ شێوەیەک لە کاتی ڕێوڕەسمەکەدا هەڵناسنەوە سەر پێ.