به‌رگریكارێكی فره‌نسا: من مێسی بوه‌ستێنم، چۆن ناتوانم هازارد رابگرم؟

لوكاس هێرناندێز: له‌ مۆندیال مێسیم راگرت، ئه‌مجاره‌یان نۆره‌ی هازارده‌

له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له‌ قۆناخی پێشكۆتایی مۆندیالی 2018ـی رووسیا له‌ نێوان فره‌نسا و به‌لجیكا، به‌رگریكارێكی كه‌ڵه‌شێره‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات دوای وه‌ستانی مێسی، ئێستا نۆره‌ی هازارده‌.

لوكاس هێرناندێز به‌رگریكاری لاوی ته‌مه‌ن 22 ساڵه‌ی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید و هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سبه‌ی یارییه‌كانی قورسیان به‌رامبه‌ر به‌لجیكا له‌ پێشه‌.

لوكاس به‌رگریكاری كه‌ڵه‌شێره‌كان ده‌شڵێت: به‌لجیكا خاوه‌نی تیپێكی پڕ له‌ ئه‌ستێره‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش هیچمان له‌ ئه‌وان كه‌متر نییه‌.

هێرناندێز له‌ به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت: من له‌ قۆناخی شازه‌ی مۆندیالی 2016 لیۆنێل مێسیم راگرت، ئێستاش نۆره‌ی ئیدین هازارده‌.

بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌، له‌ كاتژمێر 9:00ـی شه‌و، هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا و فره‌نسا له‌ یاری پێشكۆتایی مۆندیالی 2018 به‌یه‌ك بگه‌ن، براوه‌ی ئه‌و یارییه‌ راسته‌وخۆ ده‌گاته‌ یاریی كۆتایی مۆندیال.