"عوسمانییەکانی ئەردۆغان" لە ئەڵمانیا قەدەخەکران

"تاوان و تووندوتیژیان ئەنجام داوە"

K24 - ھەولێر 

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا چالاکی گروپێکی ماتۆڕسواری تورکی بە ناوی "عوسمانییەکان" بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تاوانکاری قەدەخەکرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا هۆکاری قەدەخەکردنی چالاکییەکانی ئەو گروپەی روونکردۆتەوە و نووسیویەتی: "ئەو یانەیە مەترسی زۆریان بۆ مافی پارێزراوی کەسی و ئاسایشی گشتی دروست کردووە".

ئەو گروپە خاوەنی 300 ئەندامە و پێشتر بە تۆمەتی هەوڵی کوشتن، بازرگانی ماددەی هۆشبەر، لەشفرۆشی زۆرداری و هێرشکردنە سەر ئازادی کەسی چەند ئەندامێکیان دەستگیرکراوە.

"عوسمانییەکان" بیری نەتەوەپەرستی تورکی لە ئەڵمانیا بڵاودەکەنەوە و ئاماژە بەوەش دەکرێت کە پەیوەندیان لەگەل پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) هەیە و لایەنگری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیان.

H.J