بەهۆی کێشانی وێنەی پەیامبەری ئیسلام هەڕەشەی سرینەوەی هۆڵەندا دەکرێت

"بە بۆمبی ئەتۆمی هۆڵەندا دەسڕمەوە"

K24 – هه‌ولێر: 

سەرکردەی گروپێکی ئیسلامی پاکستانی هەڕەشەی سڕینەوەی وڵاتی نێزەرلاندس (هۆڵەندا) دەکات لەسەر رووی زەوی بەهۆی ئەوەی سەرۆکی پارتێکی دژە ئیسلامی ئەو وڵاتە کێبڕکێیەکی کێشانی وێنەی پەیامبەری ئیسلامی رێکخستووە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئیندیا تایمز،خادیم حوسەین ریزڤی، سەرۆکی گروپی ئیسلامی تەحریک لەبەیەکی پاکستانی، لە بارەی رێکخستنی ئەو کێبڕکێیە دەڵێت: "ئەگەر بۆمبی ئەتۆمیم بدەنێ، من هۆڵەندا لەسەر زەوی دەسڕمەوە پێش ئەوەی ئەوان ئەو کێبڕکێیە دەستپێبکەن".

خێرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادی هۆڵەندا کە بە پارتێکی دژە ئیسلام ناسراوە، لەبارەی رێکخستنی کێبڕکێکە دەڵێت: "ئازادی قسەکردن هەڕەشەی لەسەرە، بەتایبەت لە لایەن رەخنەگرە ئیسلامییەکانەوە. ئێمە نابێت رێگە بەوە بدەین".

لە ساڵی 2015، بەهۆی کێشانی وێنەیەکی رەخنەئامێزی پەیامبەری ئیسلام لە لایەن رۆژنامەی چارلی هێبدۆی فڕەنسی، چەند چەکدارێکی ئیسلامی هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی رۆژنامەکە و 12 کەسیان کوشت، رێکخستنی ئەم کێبڕکێیەش کە هێشتا وادەکەی دیاری نەکراوە رەنگە کردەوەی هاوشێوە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

H.J