ترەمپ ئەڵمانیا بە "دیلی دەستی رووسیا" ناو دەبات

"ئێمە ئەڵمانیا لە دەست رووسیا دەپارێزین، کەچی بەرلین پارە دەداتە رووسیا'

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەندامانی رێکخراوی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" هێرشدەکاتە سەر ئەڵمانیا و بە "دیلی دەستی رووسیا" ناوی دەبات.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، ترەمپ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ یەنس ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە شاری برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا گوتوویەتی: "ئەڵمانیا دیلی رووسیایە. من پێم وایە ئەمە شتێکە دەبێت ناتۆ بیبینێت".

سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە، وڵاتەکەی پارەی زۆری بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەڵمانیا لە دەست رووسیا خەرج کردووە، کەچی بەرلین گازی سروشتی بە بڕی ملیارەها دۆلار لە رووسیا دەکڕێت.

ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا باش نییە و هەڕەشەی کشانەوەی لە رێکخراوی ناتۆ کردووە بەوەی زۆربەی خەرجییەکانی ئەو رێکخراوە ئەمەریکا دابینی دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە(11/07/2018) کۆبوونەوەی 29 ئەندامی ناتۆ لە برۆکسڵ لە بارەی خەرجییەکانی ناتۆ، بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەو رێکخراوە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و دیداری ترەمپ و پوتین بەڕێوەدەچێت.

‌H.J